بەشی ١٢: بۆنی خوێن
لەو ساتەدا، ئەو کۆسپە سەیری خوارەوەی دەکرد و خۆی لە نیگاکانی سەنی دەدزییەوە. دەستی لەسەر دەسکی شمشێرەکەی دانابوو. وەک هەمیشە، کۆیلە گەنجەکە هیچ سەرەداوێکی شک نەدەبرد کە لە ناو ئەو سەرە ڕێک و پێکەی پاڵەوانەکەدا چی دەگوزەرێت.
ئەم نادیارییە تەواو دەمارگیری کردبوو.
سەرەنجام، دوای ئەوەی ماوەیەک تێپەڕ بوو، سەربازەکە دەستی بە قسە کرد:
“تەنها یەک پرسیارم هەیە.”
سەنی و زانا هەردووکیان هەناسەیان لە سینەیاندا ڕاگرت و چاویان بڕیبووە دەمی.
“فەرموو؟”
“وتمان دەبێت یەکێکمان ببێتە قوربانی تا دووەکەی تر ڕزگار بن. ئەی بۆچی ئەو؟ بەپێی ئەوەی من دەیبینم، تۆ زۆر لە گۆڕەوە نزیکتریت.”
سەنی لە دڵی خۆیدا وتی: “پرسیارێکی نایابە! ڕێک خەریک بوو خۆشم هەمان شت بپرسم.”
سەنی ڕووی کردە کۆیلە بەتەمەنەکە و بە هەموو هێزی هەوڵی دەدا ڕێگری لەو زەردەخەنە گاڵتەجاڕانەیە بکات کە خەریک بوو لەسەر لێوی بنیشێت. بەڵام بۆ بەدبەختیی ئەو، زاناکە وەڵامێکی ئامادەی لە هەگبەدا بوو.
“پێش ئەوەی یەکەم هێرش دەست پێ بکات، ئەو بەهۆی قامچییەکەی گەورەکەتەوە پێشتر خوێنی لێ دەهات. لە کاتی هێرشەکەشدا، بە خوێنی هاوڕێ کۆیلەکەی سوور ببوو. تەنانەت عەباکەشی، کاتێک خاوەنەکەی پێشووی مرد، بە خوێن تەڕ ببوو. ئەو کوڕە ئێستا بۆنی خوێنی لێ دێت. هێشتنەوەی بە زیندویی هەموومان دەخاتە مەترسییەوە. هەر بۆیە ئەو باشترین بژاردەیە.”
زەردەخەنەکە پێش ئەوەی بگاتە سەر لێوی سەنی، ژاکا و لەناو چوو.
“نەفرەت لە خۆت و ئەو مێشکە گەورەیەت!”
بەڵگە و لۆژیکەکەی زانا بە شێوەیەکی ترسناک و بێوێنە پتەو بوو. پاڵەوان بە وردی گوێی گرتبوو و لەگەڵ هەر وشەیەکدا ڕوخساری تاریکتر دەبوو. سەرەنجام سەیری سەنی کرد، لە ناو چاوەکانیدا بڵێسەیەکی پڕ لە مەترسی دەدرەوشایەوە.
“ئەوە ڕاستە.”
سەنی هەستی کرد دەمی وشک دەبێت. ئارەقەیەکی سارد بە بڕبڕەی پشتیدا دەهاتە خوارەوە. جەستەی توند کرد و خۆی بۆ هەر کاردانەوەیەک ئامادە کرد…
بەڵام لەو ساتەدا، پاڵەوانەکە زەردەخەنەیەکی کرد.
“لۆژیکەکەت تا بڵێی بێ کەم و کورتیە،” ئەمەی وت کاتێک شمشێرەکەی لە کێلانەکەی کێشا دەرەوە. “بەڵام، یەک شتت لەبەرچاو نەگرتووە.”
زانا برۆیەکی هەڵتەکاند و هەوڵی دەدا دڵەراوکێی خۆی بشارێتەوە.
“دەبێت ئەو شتە چی بێت؟”
سەربازە گەنجەکە ڕووی تێکرد و زەردەخەنەکە لەسەر ڕوخساری نەما. ئێستا، هەستێکی کوشندە و تۆقێنەر لە جەستەی دەباری، بە جۆرێک کە دەستت لێی دەدا هەستت پێ دەکرد.
“ئەویش ئەوەیە کە من دەزانم تۆ کێیت، گەورەم. هەروەها دەزانم چیت کردووە و چۆن بوویت بە کۆیلە. تەنها یەکێک لەو تاوانە قێزەونانەی ئەنجامت داون، بەسە بۆ ئەوەی بمەوێت بتکوژم. بۆیە ئەگەر یەکێک لە ناو ئێمەدا شایستەی ئەوە بێت ببێتە قوربانی… ئەوە تۆیت.”
چاوەکانی زانا زەق بوونەوە.
“بەڵام… بەڵام بۆنی خوێنەکە چی!”
“خەمی ئەوەت نەبێت. هێندە خوێنت لێ دەڕێژم کە زاڵ بێت بەسەر هەر بۆنێکی تری خوێن کە بە جەستەی کوڕەکەوە مابێت.”
هەموو ئەمانە هێندە بە خێرایی ڕوویان دا کە سەنی بە ئەستەم کاتی هەبوو کاردانەوەی هەبێت. پاڵەوانەکە بە خێراییەکی وەها بازێکی دا کە لە مرۆڤ نەدەچوو. چرکەیەک دواتر، زاناکە لەسەر زەوییەکە هاواری دەکرد، لاقێکی بە یەک گورزی لایە تەختەکەی شمشێری سەربازە گەنجەکە شکابوو. بێ ئەوەی دەرفەتی بداتێ خۆی کۆ بکاتەوە، پاڵەوانەکە بە قورسی پێی خستە سەر لاقەکەی تری و دەنگێکی قێزەونی وردبوونی ئێسقانەکان بە ڕوونی بیسترا. هاوارەکەی گۆڕا بۆ هەنسک و ناڵەی ئازار.
ڕێک بەو شێوەیە، کار لە کار ترازا و زاناکە کۆتایی پێ هات.
دڕندەیی ڕەفتارەکانی پاڵەوانەکە، هێندە لەگەڵ ڕەوشتە هێمن و لەسەرخۆکەی پێشووی جیاواز بوو، کە سەنی هەستی دەکرد خوێن لە دەمارەکانیدا وشکبوو. ئەمە… ترسناک بوو.
سەربازەکە نیگایەکی ئارامی پێدا و بە تۆنێکی هێمن وتی:
“لێرە چاوەڕێم بکە.”
پاشان کۆیلە بەتەمەنەکەی گرت و بە درێژایی ڕێگەکە ڕای کێشا، زۆری نەخایاند لە پشتی تاشەبەردێکی زەبەلاحەوە ون بوون. دوای چەند خولەکێک، دەنگی هاوارێکی جەرگبڕ لە ناو جەرگەی باکەدا دەنگی دایەوە.
سەنی بە تەنها و لەرزۆکی بەجێما.
“نەفرەت! ئەمە… ئەمە لە توانای مرۆڤ بەدەرە!”
هێشتا نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکات کە مەرگی زانا چەندە کتوپڕ بوو. هەروەها چەندە بێبەزەییانە بوو.
دوای ماوەیەک، پاڵەوانەکە گەڕایەوە؛ وەک بڵێی هیچ ڕووی نەدابێت، ئاسایی دەردەکەوت. بەڵام ڕێک ئەو “ئاساییبوونە” بوو کە سەنیی تەواو شڵەژاند و نائارامی کرد.
دوای ئەوەی ناوەڕۆکی کۆڵەپشتەکەی زانای پشکنی و زۆربەی دارە سووتەمەنییەکانی فڕێ دا، سەربازە گەنجەکە خستیە سەر شانی و زۆر بێباکانە ڕووی کردە کۆیلە گەنجەکە:
“با بڕۆین. پێویستە پەلە بکەین.”
سەنی نەیدەزانی چی بڵێت، تەنها سەری بۆ ڕاوەشاند و بەرەو پێشەوە کەوتە ڕێ.
ئێستا تەنها دوو کەسیان مابوونەوە.
هەندێک گەمژانە بوو، بەڵام سەنی لەپڕ هەستی بە تەنیاییەکی قووڵ کرد.
ڕۆیشتن بەسەر ڕێگە بەردینەکەدا زۆر ئاسانتر بوو لە هەڵگەڕان بەسەر تاشەبەردەکانی چیاکەدا. تەنانەت کاتی ئەوەشی هەبوو بیر لە شتی لاوەکیش بکاتەوە. هەستێکی نامۆی دڵتەنگی دایگرت… وەک بڵێی لە ناخەوە هەستی دەکرد کە کۆتایی ئەم مۆتەکەیە، هەرچییەک بێت، ئیتر زۆر دوور نییە.
ماوەیەک بە بێدەنگی ڕۆیشتن پێش ئەوەی پاڵەوانەکە دەست بە قسە بکات.
“هەست بە تاوان مەکە بۆ ئەوەی ڕووی دا. ئەوە هەڵەی تۆ نییە. بڕیارەکە هی من بوو، تەنها هی خۆم.”
سەربازە گەنجەکە چەند هەنگاوێک لە پێشەوە بوو، بۆیە سەنی نەیدەتوانی ڕوخساری ببینێت.
“جگە لەوەش، ئەگەر تاوانەکانی ئەو پیاوەت بزانیبایە… لە ڕاستیدا باشترە نەیانزانیت. تەنها متمانەم پێ بکە کاتێک دەڵێم کوشتنی ئەو، کارێکی دادپەروەرانە بوو.”
سەنی لە دڵی خۆیدا وتی: “نازانم کاممان هەست بە تاوان دەکەین.”
ئەم خەڵکە… هەمیشە هەوڵ دەدەن پاساو بۆ ڕەفتارەکانیان بهێننەوە، هەمیشە بە پەرۆشەوەن بۆ پاراستنی وێنەیەکی پیرۆز و ڕاستودروست لە خۆیان، تەنانەت کاتێک چەپەڵترین کارەکانیش ئەنجام دەدەن. سەنی ڕقی لەم دووڕووییە بوو.
کاتێک پاڵەوانەکە هیچ وەڵامێکی وەرنەگرت، پێکەنینێکی کەمی کرد.
“حەزت لە قسەکردن نییە، وایە؟ باشە، ئاساییە. بێدەنگی زێڕە.”
دوای ئەوە چیتر قسەیان نەکردەوە، هەریەکەیان بە بیروخەیاڵی خۆیەوە سەرقاڵ بوو.
خۆر خەریک بوو ئاوا دەبوو، جیهانی بە هەزاران ڕەنگی ئەرخەوانی و سوور ڕەنگ کردبوو. لەم بەرزییەدا، هەواکە پاک و سارد و بێگەرد بوو، تیشکە سوورەکان لە جەستەی هەواکەیان دەدا. لە خوار ئەوانیشەوە، دەریایەک لە هەوری سووری تۆخ خەریک بوو بە هێمنی بە لای چیاکەدا تێپەڕ دەبوو. ئەستێرەکان و مانگ خەریک بوو لە ئاسمانە سوورباوەکەدا خۆیان دەردەخست.
دیمەنێکی یەکجار جوان بوو.
بەڵام سەنی تەنها بیری لەوە دەکردەوە کە کاتێک خۆر بە تەواوی ئاوا دەبێت، چەندە سەرمای دەبێت.
پێش ئەوەی ئەوە ڕوو بدات، پاڵەوانەکە پەناگەیەکی بۆ دۆزینەوە. لە دوورییەکی کەم لە ڕێگەکە، لە پشت چەند تاشەبەردێکی بەرزەوە، درزێکی تەسک هەبوو کە دەچووە ناو بناری چیاکە. لەبەر ئەوەی لەو با سووتێنەرە ڕزگاریان ببوو دڵخۆش بوون، بە ناو درزەکەدا ڕۆیشتن و گەیشتنە ئەشکەوتێکی بچووکی باش شاردراوە.
سەنی ویستی دەست بکات بە کردنەوەی پەتی کۆلکەدارەکان، بەڵام پاڵەوانەکە بە جوولاندنی سەری ڕێگری لێ کرد.
“ئەمڕۆ بەبێ کردنەوەی ئاگر دەمێنینەوە. دڕندەکە زۆر لێمان نزیکە.”
مانەوە بەبێ بڵێسە گەرمەکان کە هاوڕێیەتییان بکەن کارێکی خۆش نەبوو، بەڵام لانی کەم لە ناو ئەشکەوتەکەدا لە سەرمادا ڕەق نەدەبوونەوە. بە هەر حاڵ، ئەگەرەکە وایە داهاتووەکە زۆر ترسناکتر دەبوو.
سەنی دانیشت و پشتی بە دیواری ئەشکەوتەکەوە نا. پاڵەوانەکەش لە بەرامبەریدا جێگیر بوو، کە زۆر خەمبار و نوقمی ناو بیروخەیاڵ بوو.
بە ڕوونی دیار بوو کە لە مەزاجێکی سەیردایە. ئەگەر هیچیش نەبێت، لەوەوە دیار بوو کە ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار، سەربازە گەنجەکە دوای حەوانەوە پشتگوێی خست کە بایەخ بە شمشێرەکەی بدات و پاکی بکاتەوە.
زۆری نەخایاند خۆر ئاوا بوو، ئەشکەوتە بچووکەکەیان بە تەواوی تاریک بوو. بێگومان، سەنی هێشتا دەیتوانی بە باشی ببینێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە، پاڵەوانەکە ئێستا بە تەواوی کوێر ببوو و هیچی نەدەبینی.
لە ناو تاریکییەکەدا، ڕوخسارە قۆزەکەی بە شکۆ و لەبەر هۆکارێکی نادیار، خەمبار دەردەکەوت. سەنی بە وردی لێی دەڕوانی و نەیدەویست بخەوێت.
دوای ماوەیەک، پاڵەوانەکە لەپڕ بە دەنگێکی نزم دەستی بە قسە کرد:
“دەزانیت، ئەمە سەیرە. زۆربەی کات، من دەتوانم هەست بە بوونی کەسێک بکەم تەنانەت لە ناو تاریکییەکی ڕەهاشدا. بەڵام لەگەڵ تۆدا، هیچ هەست ناکەم. وەک بڵێی تۆ تەنها یەکێکیت لە سێبەرەکان.”
کاتێک تەنها بێدەنگی بوو بە وەڵامی، زەردەخەنەیەکی کرد.
“خەوتوویت؟”
پرسیارەکە لە ناو تاریکییەکەدا دەنگی دایەوە. سەنی کە هەرگیز قسەی لەگەڵ پاڵەوانەکەدا نەدەکرد مەگەر پێویستییەکی زۆر هەبوایە، ئەویش تەنها بە چەند وشەیەکی کەم، ئێستا هەستی دەکرد جۆرە نزیکییەکی نامۆ لە نێوانیاندا دروست بووە. هەر بۆیە بڕیاری دا قسە
بکات. ڕەنگە تاریکییەکە بوێریی پێ بەخشیبێت.
جگە لەوەش، کاتەکە گونجاو بوو بۆ ئەوە.
“بۆچی؟ چاوەڕێی ئەوە دەکەیت من بخەوم و پاشان بمکوژیت؟ یان بەیانی کارەکەت ئەنجام دەدەیت؟”
وەرگێڕان:ڕۆژین
پێداچوونەوە:ڕۆژین