# Shadow Slave (کۆیلەی سێبەر)
## بەشی ١٠: یەکەم کەس کەوت
بەو کاتەی کە بڕیاریان دا بوەستن، سەنی خەریک بوو ببوورێتەوە. دوای چەندین کاتژمێر لە بڕینی لێژییە سەختەکەی چیایەکە، جەستەی نزیک ببووەوە لە سنووری توانای خۆی. بەڵام، بۆ سەرسوڕمانی هەمووان، وا دیار بوو کە حاڵی گوماناوییەکە تەنانەت لە ئەویش خراپتر بێت.
چاوەکانی کۆیلە تەڵەکەبازەکە لێڵ و بێسەروشوێن بوون، بێئامانج بە دەوروبەردا دەسووڕانەوە. هەناسەدانی پچڕپچڕ و کورت بوو، وەک ئەوەی شتێک فشار بخاتە سەر سییەکانی. وەها دەردەکەوت کە تای هەبێت و باری تەندروستیی باش نەبێت.
هەر کە پاڵەوان شوێنێکی گونجاوی بۆ کەمپکردن دۆزییەوە، گوماناوییەکە ڕێک بەسەر زەویدا کەوت. نائومێدکەرترین بەشی ئەم بابەتە نەبوونی ئەو جنێوە تووڕانە بوو کە پێشتر پێیان ڕاهاتبوون. کۆیلەکە بە بێدەنگی و بێجوڵە کەوتبوو، تەنها جوڵەی سنگی نیشانی دەدا کە هێشتا زیندووە. چەند ساتێک دواتر، بە دەستێکی لەرزۆکەوە سەری مەتارەکەی کردەوە و بە چاوچنۆکییەوە چەند قومێکی گەورەی خواردەوە.
“ئاوەکەت پاشەکەوت بکە,” پاڵەوان وتی، کەمێک نیگەرانی بەدی دەکرا لە ناو دەنگە هێمن و بێهەستەکەیدا.
بەبێ گوێدان بەم وشانە، گوماناوییەکە زیاتری خواردەوە، مەتارەکەی بە تەواوی بەتاڵ کرد.
زاناکەش حاڵی زۆر لە ئەو باشتر نەبوو. سەرکەوتنە پڕ زەحمەتەکە باجێکی قورسی لە کۆیلە بەتەمەنەکە سەندبوو. سەرەڕای ئەو سەرمایە توندە، ئارەقەی لێ دەچۆڕا، بە چاوی خوێناویی و دەربڕینێکی تاڵ لەسەر ڕوخساری.
لەبەر ئەوەی لاوازترین کەس بوو لەنێوان هەر سێکیاندا، سەنی بە جۆرێک توانیبووی لە هەمووان باشتر بەرگە بگرێت.
“ئایا ناتوانین تەنها بەفرەکە بتوێنینەوە کاتێک ئاو نەما؟”
پاڵەوان نیگایەکی ئاڵۆزی لە زاناکە کرد.
“ڕەنگە کاتێک بێت کە بۆمان نەبێت ئاگر بکەینەوە، بۆ ئەوەی سەرنجی شتە نەخوازراوەکان بۆ لای خۆمان ڕانەکێشین.”
کەس لێدوانی نەدا، چونکە زۆر باشیان دەزانی کە دەبێت لە سەرنجی کێ دوور بکەونەوە. یادی ترسناکەکەی پاشای کێو هێشتا لە مێشکیاندا تازە بوو.
خۆشبەختانە، ئەمڕۆ پاڵەوان توانیبووی کەلێنێکی سروشتی لە دیواری چیایەکەدا بدۆزێتەوە، کە بە مەترسیداری لە پشتی لێوارێکی تەسکەوە جێگیر ببوو. ئاگرەکە بە باشی لە پشتی بەردەکانەوە شاردرابووەوە، کە ڕێگەی پێ دەدان بێ ترس لە بینرانیان چێژ لە گەرمییەکەی وەربگرن. کەس جەوی قسەکردنی نەبوو، بۆیە تەنها پارچە گۆشتی گایان لەسەر ئاگرەکە دەبرژاند و بە بێدەنگی دەیانخوارد.
بەو کاتەی ئاسمان بە تەواوی ڕەش داهات، گوماناوییەکە و زاناکە پێشتر خەوتبوون، لەناو دەستی کابووسەکانی خۆیاندا ون ببوون. پاڵەوان شمشێرەکەی دەرهێنا و چوو بۆ لێواری بەردە دەرچووەکە.
“تۆش هەوڵ بدە پشوویەک بدەیت. من یەکەم پاسەوانی شەو لە ئەستۆ دەگرم.”
سەنی سەری بۆ لەقاند و لە نزیک ئاگرەکە درێژ بوو، تەواو ماندوو بوو. خەوتن لەناو خەونێکدا ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ ئەو، بەڵام، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، دەرکەوت کە شتێکی زۆر ئاساییە. هەر کە سەری گەیشتە زەوی، هۆشی خزا بۆ ناو تاریکی.
دوای ئەوەی وا هەستی پێ دەکرد تەنها چرکەیەک بێت، کەسێک بە هێواشی ڕایوەشاند تا بەخەبەری بهێنێت. سەنی کە گێژ و سەرلێشێواو بوو، چەند جارێک چاوی تروکاند، دواجار تێبینی پاڵەوانی کرد کە لە سەروویەوە وەستابوو.
“ئەم دووانە حاڵیان باش دیار نەبوو، بۆیە باشترە کە کەمێک کاتیان بدەینێ بۆ چاکبوونەوە. مەهێڵە ئاگرەکە بکوژێتەوە و هەر کە خۆر دەستی کرد بە هەڵاتن بەخەبەرمان بهێنە. یان ئەگەر… ئەگەر دڕندەکە دەرکەوت.”
سەنی بە بێدەنگی هەستا و جێگەکەی لەگەڵ پاڵەوان گۆڕییەوە، کە چەند پارچە دارێکی تری خستە ناو ئاگرەکە و زۆری پێ نەچوو بەقووڵی خەوت.
بۆ چەند کاتژمێرێک، ئەو بە تەنیا بوو.
ئاسمان ڕەش بوو، بە ئەستێرەی کز و مانگێکی نوێی تیژەوە. بەڵام، تیشکەکەی بەس نەبوو بۆ دڕینی ئەو تاریکییەی کە چیایەکەی داپۆشیبوو. تەنها وا دەردەکەوت کە چاوەکانی سەنی بتوانن ئەوە بکەن.
بە بێدەنگی دانیشت، سەیری ئەو ڕێگەیەی دەکرد کە لێوەی هاتبوون. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە توانیبوویان لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا تا ئاستێکی باش سەر بکەون، هێشتا ڕێگا دوورەکەی وەک دەزوویەک دەبینی. تەنانەت دەیتوانی شوێنپێی ڕێگاکە بگرێتەوە تا دەگەیشتەوە سەر سەکۆ بەردینەکە، کە شەڕەکە لەگەڵ ستەمکارەکەدا لێی ڕوویدابوو.
خاڵە وردیلەکانی سەر بەردەکان لاشە مردووەکانی کۆیلەکان بوون.
کاتێک سەیری دەکردن، شێوەیەکی تاریک بە هێواشی لە ژێر هەڵدێرەکەوە کشایە سەر سەکۆکە. بۆ ماوەیەک بە بێجوڵە مایەوە و پاشان بەرەو پێشەوە چوو، چڕنووکەکانی بە زەوییەکەدا دەخشاند. هەموو جارێک کە چڕنووکێک بەر یەکێک لە لاشەکان دەکەوت، ستەمکارەکە دەیگرت و دەیبرد بۆ ناو دەمی.
سەنی لە ڕێگەی باوە گوێی لە دەنگی وردوخاشبوونی ئێسقانەکان بوو. ئەو ڕاچڵەکی، بە ڕێکەوت بەردێکی بچووکی لە لێوارەکە پاڵ نا بۆ خوارەوە. بەردەکە کەوت، بەر لێژییەکە کەوت و پاشان خل بووەوە بۆ خوارەوە، وای کرد چەند بەردێکی تریش شوێنی بکەون.
دەنگی ئەم بەردە کەوتووانە وەک هەورەبرووسکە لەناو شەوە بێدەنگەکەدا دەنگی دایەوە.
لە دوورەوە لە خوارەوە، ستەمکارەکە لەناکاو سەری سوڕاند، ڕێک سەیری سەنیی کرد.
سەنی ڕەق بوو، لە شوێنی خۆیدا. دەترسا تەنانەت بچووکترین دەنگیش دروست بکات. بۆ ماوەیەک، تەنانەت هەناسەدانیشی لەبیر چوو. ستەمکارەکە سەیری ئەوی دەکرد، بێ ئەوەی هیچ بکات.
چەند چرکەیەکی ئەشکەنجەئامێز تێپەڕین، هەر یەکەیان وەک هەمیشەیی دەهاتنە بەرچاو. پاشان ستەمکارەکە بە ئارامی ڕووی وەرگێڕا و بەردەوام بوو لە خواردنی کۆیلە مردووەکان، وەک ئەوەی هەر سەیری سەنی نەکردبێت.
‘ئەو کوێرە،’ سەنی لەناکاو تێگەیشت.
هەناسەی هەڵکێشا، بە چاوی فراوانەوە سەیری پاشای کێوی دەکرد. ڕاست بوو. بوونەوەرەکە نەیدەتوانی ببێنێت.
بە سەیرکردنەوەی هەموو ئەوەی پێشتر ڕوویدابوو، زیاتر و زیاتر لە گومانەکەی دڵنیا دەبووەوە. ئەو چاوە لێڵ و بێهەستانە. کە بیری لێ کردەوە، ئەو هەرگیز نەیبینی کە ستەمکارەکە بییانجوڵێنێت. و ئەو کاتەشی کە سەنی عەرەبانەکەی بەرەو هەڵدێرەکە پاڵ دەنا، ستەمکارەکە تەنها کاتێک کاردانەوەی هەبوو کە عەرەبانەکە دەستی کرد بە کەوتن، کە بە دەنگێکی بەرز بە بەردەکاندا دەخشا.
بێگومان! ئێستا هەمووی مانای هەیە.
***
لە کاتی سپێدەدا، سەنی ئەوانی تری بەخەبەر هێنا. پاڵەوان هیوای خواستبوو کە پشووی تەواوی شەو سوودێک بە گوماناوییەکە و زاناکە بگەیەنێت، بەڵام هیواکانی وردوخاش بوون. بە جۆرێک، دوو کۆیلەکە تەنانەت لە پێشتر خراپتر دەردەکەوتن. وەها دیار بوو کە سەرکەوتنەکەی دوێنێ زۆر لە سەرووی توانای زاناکەوە بووە.
بەڵام، باری تەندروستی گوماناوییەکە نەدەدرا بە دەم شەکەتییەکی سادەوە. ئەو بە شێوەیەکی کوشندە ڕەنگی پەڕیبوو و دەلەرزا، بە چاوێکی نیوە هۆشیار و ڕوخسارێکی ونبووەوە.
“ئەوە چییەتی؟”
زاناکە، کە خۆیشی باری باش نەبوو، بە بێدەسەڵاتییەوە سەری ڕاوەشاند.
“ڕەنگە نەخۆشیی چیا بێت. بە شێوەی جیاواز کار لە خەڵکی جیاواز دەکات.”
دەنگی گڕ و بێهێز بوو.
“من باشم، نەفرەتییەکان. لەبەر چاوم ون بن.”
گوماناوییەکە کێشەی هەبوو لە پێکهێنانی ڕستەی تەواو، بەڵام هێشتا پێداگری دەکرد لەسەر ئەوەی کە باشە.
پاڵەوان برۆی گرژ کرد و پاشان زۆربەی ئەو پێداویستییانەی وەرگرت کە وا بڕیار بوو کۆیلە سەرکێشەکە هەڵیبگرێت و خستیە سەر بارەکەی خۆی. دوای کەمێک دوودڵی، هەندێکیشی دا بە سەنی.
“ئایا هیچ شتێک ڕوویدا کاتێک ئێمە خەوتبووین؟”
سەنی بۆ چەند چرکەیەک سەیری کرد.
“دڕندەکە مردووەکانی خوارد.”
گرژبوونی برۆکانی سەربازە گەنجەکە قووڵتر بووەوە.
“چۆن دەزانیت؟”
“گوێم لێ بوو.”
پاڵەوان چوو بۆ لێوارەکە و سەیری خوارەوەی کرد، هەوڵیدا سەکۆ بەردینە دوورەکە ببێنێت. دوای خولەکێک یان زیاتر، شەویلاگەی توند کرد، بۆ یەکەمجار نیشانەی نادڵنیایی پێوە دیار بوو.
“کەواتە دەبێت خێراتر بجوڵێین. ئەگەر بوونەوەرەکە لە هەموو لاشەکان بووەوە، ئەوا دواتر دێت بۆ ئێمە. پێویستە ئەو ڕێچکە کۆنە بدۆزینەوە پێش ئەوەی شەو دابێت.”
بە ترس و دڵگرانییەوە، دیسان کەوتنە ڕێ و بەردەوام بوون لە سەرکەوتن. سەنی بە هێواشی لە ژێر قورسایی بارە زیادکراوەکەدا لەناو دەچوو. سوپاس بۆ خودا، گوماناوییەکە و زاناکە زۆربەی ئاوەکەیان خواردبووەوە، کە بارەکەی کەمێک سووکتر کردبوو.
‘ئەمە دۆزەخە،’ وا بیری کردەوە.
زیاتر و زیاتر و زیاتر سەرکەوتن. خۆر لەگەڵیان سەردەکەوت، بە هێواشی لە ناوەڕاستی ئاسمان نزیک دەبووەوە. هیچ گفتوگۆیەک نەبوو، هیچ پێکەنینێک، تەنها هەناسەدانی پڕ لە ماندووبوون. هەر یەکێک لە چوار ڕزگاربووەکە سەرنجی لەسەر هەنگاوەکان و شوێنی پێی خۆی بوو.
بەڵام، گوماناوییەکە زیاتر و زیاتر لە دواوە دەمایەوە. هێزی خەریک بوو جێی دەهێشت.
و پاشان، لە ساتێکی دیاریکراودا، سەنی گوێی لە هاوارێکی نائومێدانە بوو. بە ئاوڕدانەوە، تەنها کاتی ئەوەی هەبوو کە دەموچاوێکی پڕ لە ترس ببێنێت. پاشان گوماناوییەکە بەرەو دواوە کەوت، پێی لەسەر بەردێکی بەستوو خلیسکا. بە توندی بەر زەوی کەوت و بەرەو خوارەوە خل بووەوە، سەرەڕای ئەوەئ هەوڵی دەدا دەست بە شتێکەوە بگرێت.
بەڵام زۆر درەنگ بوو.
لە شوێنی خۆیان ڕەق بوون و بێدەسەڵات بوون، تەنها دەیانتوانی سەیری بکەن کاتێک جەستەی بە لێژییەکەدا خل دەبووەوە و شوێنەواری خوێناوی لەسەر بەردەکان بەجێ دەهێشت. لەگەڵ هەر چرکەیەکدا، گوماناوییەکە کەمتر لە مرۆڤ دەچوو و زیاتر وەک بووکەڵەیەکی پەڕۆیین دەردەکەوت.
چەند ساتێ
ک دواتر، دواجار وەستا، کاتێک کێشای بە لوتکەی بەردێکی گەورەی دەرچوودا و بوو بە گۆشتێکی وردوخاشکراو.
گوماناوییەکە مرد.
وەرگێڕان: هیستۆری
پێداچوونەوە: هیستۆری