**کۆیلەی سێبەر**
**بەشی ٣: پەتەکانی چارەنووس**
بۆ چەند خولەکێک دوای ئەوە، سەنی لە دۆخێکی دەروونی ناخۆشدا بوو. بەڵام دواتر خۆی لەو دۆخە دەرهێنا و هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی، هەوڵیدا چێژ لە هەوا پاکەکە وەربگرێت. بەڕاستی، دەستکەوتنی هەوایەکی ئاوا لە جیهانی ڕاستەقینەدا ئەستەم بوو: تۆزی ورد و وردوخاشەکانی تر هەواکەیان قورس و ناخۆش کردبوو، باسی بۆنی ناخۆشی گشتیی گەڕەکە پەراوێزخراوەکان هەر مەکە. لە بەشە باشەکانی شاردا، سیستەمی پاڵاوتنی پێشکەوتوو بە هەوڵێکی زۆرەوە کاریان دەکرد — بەڵام، هەوای پاڵێوراو تامێکی بێژیان و مردووی هەبوو. تەنها دەوڵەمەندە گەورەکان دەیانتوانی دەستیان بە هەناسەیەکی خۆش بگات.
وە ئەو ئێستا لێرەیە، کە دەتوانێت چێژ لە بڕێکی بێسنوور لە هەوای پاک و بەتام وەربگرێت، هەروەک نەوەی دەوڵەمەندەکان.
‘بەڕاستی، کە هەڵبژێردرێیت لەلایەن جادووەکەوە سوودی خۆی هەیە.’
خۆزگە ئەو سەرما ترسناکە نەبوایە، قاچەکانی ئازاریان نەبوایە، و مەچەک و پشتی هێندە ئازاریان نەبا!
کاروانی کۆیلەکان بە هێواشی بە کێوەکەدا سەردەکەوت، هەروەها ژمارەیەکی زیاتر و زیاتر لە کۆیلەکان هەڵدەخلیسکان و دەکەوتنە سەر زەوی. چەند جارێک، ئەوانەی چیتر نەیاندەتوانی بڕۆن، لە زنجیرەکە دەکرانەوە و بەبێ ڕێوڕەسم فڕێ دەدرانە دەرەوەی ڕێگاکە، بۆ ناو ئەو هەڵدێرەی لە لای چەپەوە دیار بوو. سەنی بە کەمێک هاوسۆزییەوە سەیری کەوتنی ئەوانی دەکرد.
‘ئەی چینی داماو. لە ئاشتی و ئارامیدا بخەون، ئەی ڕۆحە بەزەییە بەدبەختەکان.’
بە گشتی، ئەو لە دۆخێکی دەروونی باشدا بوو.
کەمێک سەیر بوو کە لە ناوەڕاستی ئەم کارەساتەی کابووسدا هەست بە باشی بکەیت، بەڵام، خۆشبەختانە، سەنی کاتی هەبوو بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەم ئەگەرە ئامادە بکات. کاتێک نیشانەکانی جادووەکە بۆ یەکەمجار دەرکەوتن، بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرد. مردن پێش ئەوەی تەنانەت ببیت بە حەڤدە ساڵ، شتێک نەبوو کە کەسێک بە ئاسانی بتوانێت قبوڵی بکات.
بەڵام، لە کۆتاییدا، تەنها چەند ڕۆژێکی پێ چوو تا سەنی لەگەڵیدا ڕابێت. دوای سەردانی کردنی گۆڕی دایک و باوکی — کە لە ڕاستیدا، لەبەر ئەوەی زۆر هەژار بوو و نەیدەتوانی پارەی هەرزانترین شوێن لە دامەزراوەی یادەوەری بدات، تەنها دوو هێڵ بوون کە لەسەر دارێکی کۆن هەڵکۆڵدرابوون — و زیادکردنی هێڵی سێیەم بۆ خۆی، سەنی لەناکاو ئارام و بێخەم بوو.
دواجار، چیتر پێویست نەبوو خەمی پەیداکردنی پارە، دۆزینەوەی خواردن، پاراستنی خۆی و پلاندانان بۆ داهاتوو بخوات. کاتێک خراپترین شت کە دەکرێت ڕووبدات، پێشتر ڕوویداوە، ئیتر چی مابوو لێی بترسێت؟
بۆیە، بوون بە کۆیلە و بە هێواشی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا، ئەوەندە شۆکێکی گەورە نەبوو.
جگە لەوەش، دەیزانی کە سەرماکە نایکوژێت — تەنها لەبەر ئەوەی پێشتر بینیبووی کە چ چارەنووسێک لە بەرزایی کێوەکەدا چاوەڕوانی کاروانەکە دەکات. وێنەی ئەو ئێسقانە کەڵەکەبووانەی سەر زەوییەکە هێشتا لە مێشکیدا تازە بوو. بە ئەگەری زۆرەوە، مێگەلێک دڕندە بوون کە کارەکەیان بە کاروانەکە تەواو دەکرد… و بەپێی دیمەنەکە بێت، هێرشەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ڕوودەدات، نەک چەند ڕۆژێک.
کەواتە هێشتا دەرفەتێکی هەبوو.
بە بەکارهێنانی دەرفەتەکە، سەنی بڕیاریدا چاوێکی تر لە “دۆخەکەی” بکات و جارێکی تر هێماکانی بانگ کردەوە. جاری پێشوو زۆر تووڕە بوو لە لایەنەکەی و بە باشی لە سیفاتەکانی نەکۆڵییەوە. هەرچەندە هێندەی لایەن گرنگ نین، بەڵام زۆرجار سیفاتەکان هۆکاری یەکلاکەرەوە بوون لە نێوان ژیان و مردندا. ئەوان نوێنەرایەتی تایبەتمەندییە سروشتییەکان و لایەنگرییەکانی کەسەکە دەکەن، هەندێک جار تەنانەت توانای شاراوە و کاریگەریش دەبەخشن.
وەسفی سیفاتی چارەنووس: “پەتەکانی چارەنووس بە توندی دەورتی داوە. ڕووداوە دوور لە باوەڕەکان، چ باش و چ خراپ، بەهۆی بوونی تۆوە بانگهێشت دەکرێن. کەسانێک هەن پیرۆزکراون، و کەسانێک هەن نەفرەتلێکراون… بەڵام بە دەگمەن هەردووکیان.”
وەسفی سیفاتی نیشانەی فەرمانڕەوایی: “بۆنێکی سوکی فەرمانڕەوایت لێ دێت، وەک ئەوەی کەسێک جارێک، زۆر لەمەوبەر، بۆ کاتێکی کورت دەستی لێت دابێت.”
وەسفی سیفاتی منداڵی سێبەرەکان: “سێبەرەکان تۆ وەک یەکێک لە خۆیان حیساب دەکەن.”
‘هـمم… سەرنجڕاکێشە.’
سەنی بە خێرایی سیفاتی یەکەم، چارەنووسی وەک تاوانباری سەرەکیی دۆخە نالەبارەکەی دیاریکرد. لە سەیرکردنی یەکەمدا، وا دەردەکەوت کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چارەنووسێکی دیاریکراوی هەیە — بۆ نموونە بە سەختی بمرێت و بێ شوێنەوار ون بێت. بەڵام دوای خوێندنەوەی وەسفەکە، تێگەیشت کە هەبوونی ئەم سیفاتە لە ڕاستیدا واتە شتە ئەستەمەکان ئەگەری ڕوودانیان زیاترە کاتێک ئەو لە دەوروبەرە.
‘وا بزانم هەر بەم شێوەیە توانیم یەکێک لە لایەنە زۆر دەگمەن و بێ سوودەکان بەدەست بهێنم — و تەنانەت جۆرێکی سەیریشە!’
ئەگەر چارەنووس سیفاتێکی زگماکی بێت، ئەوا دووانەکەی تر لە لایەنی کۆیلەی پەرستگاوە هاتوون. نیشانەی فەرمانڕەوایی کەم تا زۆر ڕوون بوو — دەبوایە ڕێگە بدات بچێتە ناو هەندێک شوێنی پیرۆز لە ناو جیهانی خەونەکان و چەند جۆرێکی جادوو بەهێز بکات. لەبەر ئەوەی هیچ شوێنێکی پیرۆز لە نزیکەوە نەبوو و لایەنەکەی سەنی هیچ پەیوەندییەکی بە جادووەوە نەبوو، ئەمیش بێ سوود بوو.
منداڵی سێبەرەکان سیفاتێکی نامۆتر بوو. هەرگیز گوێی لێ نەبووببوو و نەیدەزانی دەبێت چی بکات — لانیکەم تا ئەو کاتەی خۆر لە پشت کێوەکەوە ئاوا بوو و ئاسمان دەستی کرد بە تاریکبوون. هەروەها بۆ سەرسوڕمانی خۆی، سەنی بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت بە تەواوی لە تاریکیدا ببینێت، وەک ئەوەی هێشتا وەک ڕۆژ ڕووناک بێت. ئەم توانایە بە تەنها شتێک نەبوو بە کەم سەیر بکرێت، و زۆر ئەگەری هەبوو کە سێبەرەکان بە هەندێک دیاری تر، کە هێشتا نەزانراون، خەڵاتی بکەن.
‘دواجار شتێکی باش. دەپرسم گەر…’
“کاروانەکە ڕاگرن! ئامادەبن بۆ خێوەت هەڵدان!”
بە دوای فەرمانی سەرۆک سەربازەکەدا، کۆیلەکان وەستان و کەوتنە سەر زەوی، دەلەرینەوە و شەکەت ببوون. ئەو ناوچە تەختە بچووکەی کە ڕێگاکەی تێدا فراوان دەبۆوە، تا ڕادەیەک بەهۆی تاشەبەردێکی دەرپەڕیوەوە لە بایەکە پارێزرابوو، بەڵام هێشتا زۆر سارد بوو بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی پشوو بدەن.
سەربازەکان خەریکی کۆکردنەوەی کۆیلەکان بوون بۆ ناو بازنەیەکی تەسک، ناچاریان دەکردن گەرمی بەش بکەن، و ئاگرێکی گەورەیان لە ناوەڕاستی کەمپەکەدا داگیرساند — هەرچۆنێک بێت پێش ئەوەی ئەسپەکانیان ببەستنەوە. عەرەبانە قورسەکە کە خۆراک، ئاو و بارەکانی تری هەڵگرتبوو، و زنجیرە سەرەکییەکە بە توندی پێوەی بەسترابوو، پاڵنرا بۆ پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێ لە بایەکە بگرێت. کاتێک سەیری دەوروبەری دەکرد، سەنی تێبینی سەربازە گەنجەکەی پێشووی کرد کە بە نیگایەکی ئاڵۆزەوە سەیری کێوەکەی دەکرد.
‘چەند سەیر و سەمەرەیە.’
زۆری نەخایاند، ئاگرەکە گڕی گرت. کۆیلە بەهێزەکان هەوڵیان دەدا ڕێگای خۆیان بۆ نزیک ئاگرەکە بدۆزنەوە، لەکاتێکدا لاوازەکان، وەک سەنی، ناچارکران لە لێواری دەرەوەی بازنەکە دابنیشن، و پشتیان لە سەرمادا ڕەق ببۆوە. بێگومان، هەموو جوڵەیەکیان بەهۆی ئەوەی کە هێشتا بە زنجیرەکەوە بەسترابوونەوە، سنوردار بوو. هەر بۆیە کۆیلە ناسراوە شان پانەکە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بۆ نزیکبوونەوە لە گڕەکە، لە هەمان شوێنی سەرەتای خۆی مایەوە و نەیتوانی نزیکتر بێتەوە.
“نەفرەت لە ئیمپراتۆرییەکان!” ئەو بە چرپە وتی، و بە ڕوونی دیار بوو کە بێزار بوو.
سەربازەکان لە نێوان کۆیلەکاندا دەگەڕان، ئاو و خواردنیان پێ دەدان. سەنی، وەک هەموو کەسێکی تر، چەند قومێک ئاوی سەهۆڵاوی و پارچەیەکی بچووک نانی ڕەق و کەڕوو لێداوی وەرگرت. سەرەڕای دیمەنە ناخۆشەکەی، خۆی ناچار کرد هەمووی بخوات، تەنها بۆ ئەوەی وەک پێشتر برسی بێت.
بەڵام وەک دیار بوو، تەنها ئەو نەبوو.
کۆیلە گوماناوییەکەی کە لە پشت ئەوەوە دەڕۆیشت، بە پەژارەوە سەیری دەوروبەری کرد.
“سوێند دەخۆم، جاران زۆر باشتر خواردنیان دەدامێ تەنانەت لە زیندانەکانیش!”
بە بێ ئومێدییەوە تفی کردە سەر زەوی.
“هەروەها زۆربەی پیاوە بێتاوانەکان لە زیندانەکەدا چاوەڕێی ڕۆژی دارلێدان بوون!!”
چەند هەنگاوێک دوورتر لەوان، لەو شوێنەی ڕێگا قیرتاوەکە کۆتایی دەهات و بەردە تیژەکان دەستیان پێ دەکرد، کۆمەڵێک تووتڕکی سووری گەش لە ناو بەفرەکەوە شین ببوون. سەنی پێشتر تێبینی کردبوون، لێرە و لەوێ بە درێژایی ڕێگاکە کۆببوونەوە، و تەنانەت سەرنجی دابوو کە ئەو شتە خۆڕاگرانە لەسەر بەفرەکە چەندە جوان دەردەکەوتن. چاوەکانی کۆیلە گوماناوییەکە بریسکەیان دایەوە کاتێک هەوڵیدا بە دەست و قاچ بەرەو تووتڕکەکان بڕوات.
“ئامۆژگاریت دەکەم کە نەیانخۆیت، هاوڕێ.”
ئەوە دیسان کۆیلە دەنگ نەرمەکە بوو. سەنی ئاوڕی دایەوە و دواجار بۆ یەکەمجار بە ڕوونی بینی. پیاوێکی باڵابەرز بوو لە چلەکانیدا، ڕێک و بە شێوەیەکی سەیر قۆز، بە ڕوخسارێکی بەڕێزی وەک زانایەک. چۆن پیاوێکی وەک ئەو بۆتە کۆیلە، بەڕاستی نامۆ بوو. سەرەڕای ئەوەش ئەو لەوێ بوو.
“تۆ و ئامۆژگارییەکانت دیسانەوە! چییە؟! بۆچی؟!”
زاناکە زەردەخەنەیەکی داوای لێبوردنئامێزی کرد.
“ئەم تووتڕکانە پێیان دەوترێت مەرگی خوێن. لەو شوێنانە گەشە دەکەن کە خوێنی مرۆڤی لێ ڕژاوە. هەر بۆیە هەمیشە بە درێژایی ڕێگاکانی بازرگانی کۆیلە، ئەمانە زۆرن.”
“کەواتە چی؟”
پیاوە بەتەمەنەکە ئاهێکی هەڵکێشا.
“مەرگی خوێن ژەهراوییە. چەند دانەیەک بەسە بۆ کوشتنی پیاوێکی پێگەیشتوو.”
“نەفرەت!”
کۆیلە گوماناوییەکە خۆی کێشایەوە دواوە و مۆڕەی لە زاناکە کرد.
سەنی گرنگییەکی زۆری پێ نەدان.
چونکە، لەکاتێکدا سەیری دەوروبەری دەکرد، دواجار شوێنی خێوەتەکەی وەک ئەو شوێنە ناسیەوە کە لە سەرەتای کابووسەکەدا لە خەیاڵەکەیدا بینیبووی، کە ئێسکی کۆیلەکان لە ژێر بەفرەکەدا نێژرابوون. وە ئامادە بوو گرەو بکات کە هەرچییەک بێت ئەوەی هەموویانی کوشتووە، بەم زووانە ڕوودەدات.
وەک ئەوەی وەڵامی بیرکردنەوەکانی بداتەوە، دەنگێکی وەک هەورە برو
سکە لە سەرەوە دەنگی دایەوە.
و لە چرکەی دواتردا، شتێکی زەبەلاح لە ئاسمانەوە خۆی کێشا بە زەویدا…
(وەرگێڕان):هیستـــۆری
(پێداچوونەوە):هیستۆری