**کۆیلەی سێبەر**
**بەشی ٢: کاروانی کۆیلەکان**
سەنی خەونی بە کێوێکەوە بینی.
کێوێکی تیژ و تەنیا، کە لە چاو لووتکەکانی تری ئەو زنجیرە کێوەدا زۆر گەورەتر دیار بوو، بە لێوارە تیژەکانی ئاسمانی شەوی بڕیبوو. مانگێکی گەشاوە بە تیشکێکی زەردەمەییی ڕەنگ و ڕووتاوە لەتەکانی داپۆشیبوو.
لەسەر یەکێک لە لێوارەکان، پاشماوەی ڕێگایەکی کۆن بە سەختی بە بەردەکانەوە نووسابوو. لێرە و لەوێ، بەردە ڕێژکراوە کۆنەکان لە ژێر بەفرەکەوە دەدرەوشانەوە. لە لای ڕاستی ڕێگاکە، تاشەبەردێکی ڕاست وەک دیوارێکی دەستپێنەگەیشتوو بەرز ببووەوە. لە لای چەپیش، دەریایەکی ڕەشی بێدەنگی پووچەڵی ئاماژەی کەوتنەوەیەکی بێ سنوور دەکرد. با بەهێزەکان یەک لە دوای یەک خۆیان کێشا بە کێوەکە و بە تووڕەییەکی بێدەسەڵاتانەوە دەیانقیژاند.
لەناکاو، مانگ لە ئاسۆوە ئاوا بوو. خۆر لە ڕۆژئاواوە هەڵات، بە ئاسماندا تێپەڕی و لە ڕۆژهەڵاتەوە ون بوو. پەپولە بەفرەکان لە زەوی هەستان و گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی هەورەکان. سەنی تێگەیشت کە خەریکە ڕەوتی کات بە پێچەوانە دەبینێت.
لە چرکەیەکدا، سەدان ساڵ تێپەڕین. بەفرەکە کشایەوە و ڕێگا کۆنەکە دەرکەوت. لەرزێکی سارد بە پشتی سەنیدا هات کاتێک تێبینی کرد ئێسکی مرۆڤ بەسەر زەوییەکەدا بڵاوبوونەتەوە. ساتێک دواتر، ئێسکەکان ون بوون و لە شوێنی ئەوان، کاروانێکی کۆیلە دەرکەوت، کە لە ژێر دەنگی زنجیرەکاندا بە ڕێگاکەدا بەرەو دواوە دەچوون.
کات هێواش بووەوە و، وەستا، و پاشان گەڕایەوە سەر شێوازی ئاسایی خۆی.
[خوازراو! بەخێر بێیت بۆ جادووی کابووس. ئامادەبە بۆ یەکەم تاقیکردنەوەت…]
‘ئەمە… ئەمە چییە بۆ خاتری خوا؟’
هەنگاو. هەنگاو. هەنگاوێکی تر.
ئازارێکی کز بە ناو قاچە خوێناوییەکانی سەنیدا بڵاودەبووەوە و لە سەرما دەلەرزی. ئەو پۆشاکە تەنک و دڕاوەی لەبەریدا بوو لە بەرامبەر ئەو بایە توندەدا هیچ سوودێکی نەبوو. مەچەکەکانی سەرچاوەی سەرەکیی ئازارەکە بوون: بەهۆی زنجیرە ئاسنینەکانەوە بە سەختی بریندار ببوون، و هەر جارێک کە ئاسنە ساردەکە بەر پێستە دڕاوەکەی دەکەوت، ئازارێکی توندی بۆ دەنارد.
‘ئەمە چ جۆرە بارودۆخێکە؟!’
سەنی سەیری پێش و دواوەی خۆی کرد، تێبینی زنجیرەیەکی درێژی کرد کە بە ڕێگاکەدا دەچووە سەرەوە، لەگەڵ دەیان و دەیان کەسی چاو چاڵ — کۆیلەی وەک ئەو — کە بە مەودای کورت بە زنجیرەکەوە بەسترابوونەوە. لە پێشیدا، پیاوێکی شان پان کە پشتی خوێناوی بوو بە هەنگاوی ڕێک دەڕۆیشت. لە دواییشیدا، پیاوێکی گوماناوی بە چاوێکی ترسنۆک و بێ ئومێدەوە، بە زمانێک کە سەنی نەیدەزانی بەڵام بە جۆرێک تێی دەگەیشت، لە ژێر لێوەوە جنێوی دەدا. جاربەجار، ئەسپ سوارە چەکدارەکان بە زرێپۆشی شێوازە کۆنەکانەوە تێدەپەڕین و بە نیگایەکی هەڕەشەئامێزەوە سەیری کۆیلەکانیان دەکرد.
بە هەر پێوەرێک بێت، بارودۆخەکە زۆر خراپ بوو.
سەنی زیاتر سەرلێشێواو بوو نەک ترساو. ڕاستە، ئەم بارودۆخانە وەک ئەوە نەبوون کە دەبوو کابووسی یەکەم بێت. بەزۆری، ئەو خوازراوانەی تازە هەڵدەبژێردرێن، خۆیان لە سیناریۆیەکدا دەبیننەوە کە کەمێک دەسەڵاتیان پێ دەدات: دەبنە ئەندامی چینێکی باڵادەست یان شەڕکەر، لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بە چەکی پێویست بۆ ئەوەی لانیکەم هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ململانێیەک بدەن.
دەستپێکردن وەک کۆیلەیەکی بێدەسەڵات، زنجیرەبەند و نزیکەی مردوو، دوورترین شت بوو لە باش بوون کە مرۆڤ بیری لێبکاتەوە.
بەڵام جادووەکە هێندەی ئەوەی تەحەدا بوو، هێندەش هاوسەنگی بوو. وەک پۆلیسە پیرەکە گوتی، تاقیکردنەوە دروست دەکات، نەک لەسێدارەدان. بۆیە سەنی دڵنیابوو کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دەستپێکە ناخۆشە، شتێکی باشی پێ دەبەخشێت. لانیکەم لایەنێکی بەهێز.
‘با ببینم… چۆن ئەمە بکەم؟’
بە بیرهێنانەوەی ئەو چیرۆکە وێنەییانەی کە لە منداڵیدا دەیخوێندنەوە، سەنی سەرنجی دا و بیری لە وشەکانی وەک “دۆخ”، “خۆم” و “زانیاری” کردەوە. بەڕاستی، هەر کە سەرنجی دا، چەند نووسینێکی درەوشاوە لە هەوادا و ڕێک لەبەردەمیدا دەرکەوتن. جارێکی تر، هەرچەندە ئەو ئەلفوبێیە کۆنەی نەدەزانی، بەڵام مانای پشت نووسینەکان بە جۆرێک ڕوون بوون.
بە خێرایی ئەو نووسینەی دۆزییەوە کە وەسفی لایەنەکەی دەکرد… و دواجار، ئارامیی خۆی لەدەستدا.
‘چی؟! ئەوە چییە؟!’
ناو: سەنلێس.
ناوی ڕاستەقینە: —
پلە: خوازراو.
ناوکی ڕۆح: خەوتوو.
بیرەوەرییەکان: —
دەنگدانەوەکان: —
سیفاتەکان: [چارەنووس]، [نیشانەی فەرمانڕەوایی]، [منداڵی سێبەرەکان].
لایەن: [کۆیلەی پەرستگا].
وەسفی لایەن: [کۆیلە بوونەوەرێکی بێ کەڵک و داماوە، هیچ لێهاتوویی یان توانایەکی نییە کە شایەنی باس بێت. کۆیلەی پەرستگاش هەر هەمان شتە، تەنها ئەوە نەبێت کە زۆر دەگمەنترە.]
سەنی بە بێدەنگی سەیری نووسینەکانی دەکرد، هەوڵیدەدا خۆی قایل بکات کە ڕەنگە تەنها شتەکان بە هەڵە ببینێت. بێگومان نەدەبوو ئەوەندە بێبەخت بێت… ئەی وانییە؟
”هیچ جۆرە لایەنەکی بێ سوود نییە، قسەی قۆڕ!”
هەر کە ئەم بیرۆکەیە بە مێشکیدا هات، شێوازی هەنگاوەکانی تێکچوو و هەڵخلیسکا، بە کێشی خۆی زنجیرەکەی بۆ خوارەوە ڕاکێشا. یەکسەر پیاوە گوماناوییەکەی دوای هاواری کرد:
“گەمژەی چەپەڵ! ئاگات لە ڕێگەکەت بێت!”
سەنی بە پەلە نووسینەکانی لابرد، کە تەنها بۆ خۆی دیار بوون، و هەوڵیدا هاوسەنگییەکەی بگەڕێنێتەوە. دوای ساتێک، جارێکی دیکە بە ئارامی دەستی بە ڕۆیشتن کردەوە – بەڵام وەک ئەوە نییە کە بە ئەنقەست زنجیرەکە جارێکی تر ڕابکێشێت.
“گەمژەی قێزەون! دەبێت بتکوژم!”
پیاوە شان پانەکەی پێش سەنی بەبێ ئەوەی سەری بسوڕێنێت، پێکەنینێکی کەمی کرد.
“بۆچی خۆت ماندوو دەکەیت؟ ئەم لاوازە تا خۆرهەڵاتن هەر دەمرێت. کێوەکە دەیکوژێت.”
دوای چەند چرکەیەک زیادی کرد:
“من و تۆش دەکوژێت. تەنها کەمێک درەنگتر. بەڕاستی نازانم ئیمپراتۆرییەکان بیر لە چی دەکەنەوە، کە بێهێزمان دەکەن لەم سەرمایەدا.”
پیاوە گوماناوییەکە هەناسەیەکی توندی هەڵکێشا.
“بۆ خۆت قسان بکە، هەی گەوج! من پلانم هەیە ڕزگارم بێت!”
سەنی بە بێدەنگی سەری ڕاوەشاند و سەرنجی خستە سەر ئەوەی جارێکی تر نەکەوێت.
‘چ جووتە هاوەڵێکی سەرنجڕاکێشن.’
لەناکاو، دەنگێکی سێیەم لە شوێنێکی دوورترەوە هاتە ناو گفتوگۆکە. ئەم دەنگە زۆر نەرم و زیرەک دیار بوو.
“ئەم ڕێڕەوەی کێوە بەزۆری لەم کاتەی ساڵدا زۆر گەرمترە. تەنها بەختی خراپمان هەبوو. هەروەها، ئامۆژگاریت دەکەم کە ئازاری ئەم کوڕە نەدەیت.”
“بۆچی؟”
سەنی کەمێک سەری سوڕاند و گوێی گرت.
“ئەی ئەو نیشانانەی سەر پێستی نابینیت؟ ئەو وەک ئێمە نییە کە بەهۆی قەرز، تاوان یان بەدبەختییەوە کەوتبێتە ناو کۆیلایەتی. ئەو بە کۆیلە لەدایک بووە. کۆیلەی پەرستگا، بۆ ئەوەی وردتر بم. ماوەیەک لەمەوبەر، ئیمپراتۆرییەکان دوایین پەرستگای فەرمانڕەوای سێبەریان وێران کرد. گومان دەکەم بەو هۆیەوە ئەم کوڕە لێرە بێت.”
پیاوە شان پانەکە سەیری دواوەی کرد.
“جا؟ بۆچی دەبێت لە فەرمانڕەوایەکی لاواز و لەبیرکراو بترسین؟ کە تەنانەت نەیتوانی پەرستگاکانی خۆشی ڕزگار بکات.”
“ئیمپراتۆرییەت لەلایەن فەرمانڕەوای جەنگی بەهێزەوە دەپارێزرێت. بێگومان ناترسن لەوەی چەند پەرستگایەک بسوتێنن. بەڵام ئێمە لێرە لەلایەن هیچ کەس و هیچ شتێکەوە نەپارێزراوین. ئایا بەڕاستی دەتەوێت مەترسی تووڕەکردنی فەرمانڕەوایەک بگریتە ئەستۆ؟”
پیاوە شان پانەکە دەنگێکی لە قوڕگی دەرهێنا، نەیویست وەڵام بداتەوە.
گفتوگۆکەیان لەلایەن سەربازێکی گەنجەوە بڕدرا کە سوواری ئەسپێکی سپی جوان ببوو. بە زرێیەکی چەرمی سادەوە، پڕچەک بە ڕم و شمشێرێکی کورت، زۆر بە شکۆ و بەڕێز دیار بوو. وە لە بەدبەختی سەنی، ئەو نەفرەتییە زۆر قۆزیش بوو. ئەگەر ئەمە درامایەکی مێژوویی بوایە، بێگومان ئەو سەربازە دەبووە پاڵەوانی چیرۆکەکە.
“لێرە چی ڕوودەدات؟”
هیچ هەڕەشەیەکی تایبەت لە دەنگیدا نەبوو، تەنانەت کەمێک وەک خەمخۆری دیار بوو.
کاتێک هەمووان دوودڵ بوون، کۆیلە دەنگ نەرمەکە وەڵامی دایەوە:
“هیچ نییە گەورەم. تەنها هەموومان ماندووین و سەرمامانە. بەتایبەتی ئەم هاوڕێ گەنجەمان لێرە. ئەم گەشتە بەڕاستی زۆر سەختە بۆ کەسێکی وا گەنج.”
سەربازەکە بە بەزەییەوە سەیری سەنی کرد.
‘سەیری چی دەکەیت؟ تۆش زۆر لە من گەورەتر نیت!’ سەنی وای بیرکردەوە.
بێگومان، بە دەنگی بەرز هیچی نەگوت.
سەربازەکە ئاهێکی هەڵکێشا و مەتاوەیەکی ئاوی لە قاییشەکەی کردەوە و بەرەو سەنی درێژی کرد.
“کەمێکی تر بەرگە بگرە، منداڵ. زۆری نەماوە بۆ شەو پشوو بدەین. جارێ، ئەمە بگرە و کەمێک ئاو بخۆرەوە.”
‘منداڵ؟ منداڵ؟!’
بەهۆی جەستە باریک و باڵا کورتەکەیەوە، کە هەردووکیان بەهۆی بەدخۆراکییەوە بوون، سەنی زۆر جار بە گەنجتر لە تەمەنی خۆی دادەنرا. بەزۆری، دوودڵ نەدەبوو لەوەی ئەمە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام ئێستا، بەهۆکارێک، ئەوەی کە پێیان دەگوت منداڵ بەڕاستی بێزاری دەکرد.
سەرەڕای ئەوەش، زۆر تینووی بوو.
هێشتا دەستی نەگەیشتبوو بە قوتووکەکە کە قامچییەک لە هەوادا دەنگی دا، و لەناکاو سەنی کەوتە ناو جیهانێکی پڕ لە ئازار. هەڵخلیسکا و جارێکی تر زنجیرەکەی ڕاکێشا، کە وایکرد کۆیلە گوماناوییەکەی دوای جنێو بدات.
سەربازێکی تر، کە ئەمەیان بەتەمەنتر و تووڕەتر بوو، ئەسپەکەی چەند هەنگاوێک لە دواوە ڕاگرت. ئەو قامچییەی کە پشتی پۆشاکەکەی سەنی دڕاند و خوێنی لێ هێنا، هی ئەو بوو. بێ ئەوەی تەنانەت سەیری کۆیلەکانیش بکات، سەربازە بەتەمەنەکە بە نیگایەکی پڕ لە سووکایەتییەوە سەیری هاوکارە گەنجەکەی کرد.
“خەریکی چیت؟”
ڕوخساری سەربازە گەنجەکە تێکچوو.
“تەنها کەمێک ئاوم دەدا بەم کوڕە.”
“ئەویش وەک ئەوانی تر ئاو وەردەگرێت کاتێک خێوەت دادەنێین!”
“بەڵام…”
“دەمت داخە! ئەم کۆیلانە هاوڕێی تۆ نین. تێگەیشتی؟ ئەمانە تەنانەت مرۆڤیش نین. ئەگەر وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا دەست دەکەن بە خەیاڵپڵاوی.”
سەربازە گەنجەکە سەیری سەنی کرد، پاشان سەری داخست و مەتاوەکەی گەڕاندەوە ناو قاییشەکەی.
“نەبینم جارێکی تر لەگەڵ کۆیلەکان ببیتە هاوڕێ، ئەی تازە پێگەیشتوو. ئەگینا بۆ جاری داهاتوو پشتی تۆ دەبێت تامی قامچییەکەم بچێژێت!”
وەک بۆ ئەوەی مەبەستەکەی نیشان بدات، سەربازە بەتەمەنەکە قامچییەکەی لە هەوادا لێدا و بە تەنیشتیاندا تێپەڕی، کە هەڕەشە و تووڕەیی لێ دەباری. سەنی بە قینێکی شاراوەوە سەیری ڕۆشتنی ئەوی دەکرد.
‘نا
زانم چۆن، بەڵام یەکەمجار سەیری مردنی تۆ دەکەم.’
پاشان سەری سوڕاند و سەیری سەربازە گەنجەکەی کرد، کە بە سەری داخراوەوە لە دواوە دەهات.
‘و تۆش، دوای ئەویت.’
(وەرگێڕان):هیستۆری
(پێداچوونەوە):هیستۆری