**کۆیلەی سێبەر**
بەشی ٧: سێ کۆیلە و پاڵەوانێک
‘خل ببەوە، ئەی پارچە پیسیی جیڕەجیڕکەر!’
سەنی خۆی بە عەرەبانەکەوە نا، بە هەموو هێزییەوە پاڵی دەنا. چوار گای بەهێز کە پێشتر ڕایان دەکێشا ئێستا مردبوون، و لەبری ئەوان، سێ کۆیلەی شەکەت هەوڵیان دەدا کارەکە ئەنجام بدەن. تەنانەت بەو لێژییەی ڕێگاکەش کە یارمەتی دەدان، خێرایی عەرەبانەکە بە شێوەیەکی ئازاربەخش خاو بوو. ستەمکارەکە، بە بەراورد، زۆر خێراتر دەجوڵا.
بە پاڵنانی “پاڵەوان” بۆ دواوە بە لێدانێکی کوشندەی دەستەکانی خوارەوەی، دوو دەستەکەی تری بۆ ملی بەرز کردەوە و هەوڵیدا ئەو زنجیرە بگرێت کە وەک پەتێكی سێدارە لێی ئاڵابوو. بەڵام، ئەمجارە جەستە ترسناکەکەی پاشای کێو بوو بە خاڵی لاوازی: چڕنووکە ئێسکییە درێژ و تۆقێنەرەکانی بۆ پارچەپارچەکردنی گۆشت نایاب بوون، بەڵام باشترین ئامراز نەبوون بۆ جوڵەی ورد و دەستکاری. کەمێک کاتی ویست بۆ ستەمکارەکە تا زنجیرەکە بگرێت بێ ئەوەی ملی خۆی بە چڕنووکەکانی قاش بکات.
بەو کاتە، عەرەبانەکە نزیکەی لە لێواری هەڵدێرەکە بوو.
‘توخوا! تەنها کەمێکی تر!’
ئەوەی بەدوایدا هات زۆر بە خێرایی ڕوویدا. تایە دواوەکانی عەرەبانەکە دواجار لە ڕێگاکە خلیسکان، و بەسەر ئەو چاڵە تاریکە و قووڵەی کە بنی نەدەبینرا، مایەوە. بوونەوەرەکە ئاوڕی دایەوە، بە پێنج چاوە شیریی و مردووەکەیەوە بە بێ هیچ هەستێک سەیری سێ کۆیلەکەی کرد. عەرەبانەکە لای دا، گوماناوییەکە و زاناکەی خستە خوارەوە، و پاشان وەستا، بە مەترسیداری لەسەر تەوەری ناوەڕاستی هاوسەنگ بوو.
سەنی تاکە کەس بوو کە بە پێوە مابۆوە. دوا نیگای خستە سەر دڕندە بەرزەکە، و پاشان شانی کێشا بە پێشەوەی عەرەبانەکەدا، هەموو کێشی خۆی خستە پاڵی.
عەرەبانەکە دواجار هاوسەنگیی لەدەست دا و بەسەر لێوارەکەدا خل بووەوە، بەشی ژێرەوەی بە دەنگێکی کەڕکەر بە بەردە تیژەکاندا دەخشاند. سەنی کەوتە پێشەوە و لەسەر ئەژنۆکانی نیشتەوە، بە ئەستەم خۆی ڕزگار کرد لەوەی لەگەڵیدا بە هەڵدێرەکەدا خل ببێتەوە بۆ خوارەوە. بە سوڕاندنی سەری بۆ لای ستەمکارەکە، زەردەخەنەیەکی شەیتانی بۆ کرد.
پاشای کێو جوڵەی کرد بۆ ئەوەی پەلاماری کۆیلە لاوازەکە بدات، بەڵام زۆر درەنگ بوو. ساتێک دواتر، زنجیرەکەی ملی توند بوو، و بە هێزێکی زەبەلاحەوە ڕاکێشرایە دواوە، وەک بووکەڵەیەکی پەڕۆیین بەسەر لێواری هەڵدێرەکەدا فڕی. بوونەوەرەکە بە بێدەنگی کەوتە ناو تاریکییەکەوە، وەک ئەوەی ڕەتی بکاتەوە بڕوا بەوە بکات کە لەلایەن مرۆڤێکی بچووکەوە بەزێنراوە.
‘بڕۆ و بمرە، ئەی نەفرەتی.’ سەنی وا بیری کردەوە.
پاشان هەناسەیەکی قووڵ و پچڕپچڕی هەڵکێشا و کەوتە سەر زەوی، تەواو شەکەت ببوو.
‘ئایا ئەمە کۆتاییەکەیەتی؟ ئایا تاقیکردنەوەکەم بڕی؟’
لەسەر بەردە ساردەکان پشووی دا، سەیری ئاسمانی شەوی دەکرد، و چاوەڕێی ئەو دەنگە کەمێک ئاشنا ونە بوو، تا سەرکەوتنەکەی ڕابگەیەنێت. بەڵام لەبری ئەوە، شەپۆل دوای شەپۆلی ئازار کە پێشتر بڕیاری دابوو فەرامۆشیان بکات دواجار دەستیان کرد بە زاڵبوون بەسەر جەستە زیان پێگەیشتوەکەیدا.
سەنی ناڵاندی، هەستی بە ئازار دەکرد لە هەموو شوێنێک. بەتایبەتی پێستی پشتی، کە بە قامچیی کۆیلەفرۆش قاش کرابوو و بە دڕکە ئێسکییەکانی لارڤایەکی تازە لەدایکبوو کون کرابوو، لە ئازارێکی زۆردا بوو. هەروەها دەستی کرد بە لەرزین، جارێکی تر سەرما ترسناکەکە دایگرتەوە.
‘وا دیارە نەخێر.’
بیرکردنەوەکانی خاو و لێڵ بوون.
‘دەبێت چی تر بکەم؟’
شتێکی تاریک لە سەروویەوە دەرکەوت. “پاڵەوان” بوو، ئارام و وەک هەمیشە قۆز دیار بوو. پیسی و ڕووشان بە زرێکەیەوە بوو، بەڵام، وا دەردەکەوت کە سەربازە گەنجەکە باش بێت. دەستێکی بۆ سەنی درێژ کرد.
“هەستە. لە سەرمادا ڕەق دەبیتەوە.”
سەنی ئاهێکی هەڵکێشا، قبوڵی کرد کە یەکەم کابووسی تەواو نەبووە. پاشان ددانی لەسەر یەک توند کرد و بە هێواشی هەستایە سەر پێ، دەستە یارمەتیدەرەکەی پاڵەوانی فەرامۆش کرد.
لە دەوروبەریان، دیمەنێکی کۆمەڵکوژیی تەواو هەبوو. جگە لە سێ کۆیلەکە و پاڵەوان، هەموو ئەندامێکی کاروانەکە مردبوون. جەستەکانیان زەوییەکەی پڕ کردبوو، بە شێوەیەکی ترسناک شێواو ببوون یان پارچەپارچە کرابوون. لێرە و لەوێ، کەلاکی قێزەونی لارڤایەک دەبینرا. سێبەرەکانی ئاگرەکە بە خۆشییەوە لەسەر سەکۆ بەردینەکە سەمایان دەکرد، وا دیار بوو کە هیچ بێزار نین بەم دیمەنە مەرگاویە.
سەنی زۆر ماندوو بوو بۆ ئەوەی گرنگی پێ بدات.
گوماناوییەکە و زاناکە پێشتر هەستابوون، بە نیگەرانییەکی ماندووانەوە سەیری پاڵەوانیان دەکرد. بە دەستبەند یان بێ دەستبەند، ئەوان هێشتا کۆیلە بوون، و ئەویش هێشتا کۆیلەفرۆش بوو. بە تێبینیکردنی نیگا گرژەکانیان، سەربازەکە ئاهێکی هەڵکێشا.
“نزیک بنەوە لە ئاگرەکە، هەمووتان. پێویستە خۆمان گەرم بکەینەوە و گفتوگۆ بکەین کە دەبێت دواتر چی بکەین.”
بەبێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامەکەیان بکات، پاڵەوان ئاوڕی دایەوە و ڕۆیشت. دوای دوودڵ بوون بۆ چەند ساتێک، کۆیلەکان شوێنی کەوتن.
کەمێک دواتر، هەر چواریان لە دەوری ئاگرەکە دانیشتبوون، گەرمییە خۆشەکەیان هەڵدەمژی. گوماناوییەکە و زاناکە لە یەکتر نزیک بوون، مەودایەکی سەلامەتیان لەگەڵ پاڵەوان دەپاراست. سەنی بە جیا لە هەمووان دانیشت — لەبەر ئەوە نەبوو کە هۆکارێکی تایبەتی هەبێت یان لەبەر ئەوەی متمانەی بە یەکێکیان کەمتر بێت لەوانی تر، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی کە ئەو بە گشتی کەیفی بە خەڵک نەدەهات.
لەکاتی گەورەبوونیدا، سەنی هەمیشە کەسێکی نەگونجاو بوو. وا نەبوو کە هەرگیز هەوڵی نەدابێت لەگەڵ کەسێک نزیک بێتەوە، تەنها وا دیار بوو کە ئەو توانایەی تێدا نییە. وەک ئەوەی دیوارێکی نەبینراو هەبێت لە نێوان ئەو و خەڵکانی تردا. ئەگەر بیویستایە بە وشە دەریبڕێت، سەنی دەیگوت کە لە کاتی لەدایکبوونیدا، چەرخێکی بچووکی مێشکی لێ کەم بووە، چەرخێک کە هەرچەند بچووکە بەڵام زۆر گرنگە و هەموو کەسێک هەیەتی.
لە ئەنجامدا، زۆرجار تووشی سەرسوڕمان و پەککەوتن دەبوو بەهۆی ڕەفتاری مرۆڤەوە، و هەوڵەکانی بۆ لاساییکردنەوەی، هەرچەندە دڵسۆزانەش بووبێت، بە مسۆگەری شکستی دەهێنا. ئەم نامۆییە وای لەوانی تر دەکرد هەست بە نائاسوودەیی بکەن. بە کورتی، ئەو کەمێک جیاواز بوو — و ئەگەر تەنها یەک شت هەبوایە خەڵک ڕقیان لێی بێت، ئەوا ئەو کەسانە بوون کە جیاوازن لێیان.
بە تێپەڕبوونی کات، سەنی فێری ئەوە بوو کە لە خەڵکی دوور بکەوێتەوە، و بە ئارامی ڕازی بوو بە ژیانێک وەک کەسێکی لاواز و دەرکراو. ئەم خووە سوودی زۆری پێ گەیاند، چونکە نەک تەنها وای لێکرد پشت بە خۆی ببەستێت، بەڵکو چەندین جار ڕزگاری کرد لەوەی لەلایەن کەسایەتییە گوماناوییەکانەوە خەنجەری لێ بدرێت لە دواوە.
هەر بۆیە زۆر دڵخۆش نەبوو بەوەی باقی ئەم کابووسە لەگەڵ سێ نامۆدا بەسەر بەرێت. لەبری ئەوەی هەوڵ بدات دەست بە گفتوگۆ بکات، سەنی بە بێدەنگی بە تەنیا دانیشت، نوقمی بیرکردنەوەکان بوو.
دوای چەند خولەکێک، دواجار دەنگی پاڵەوان بێدەنگییەکەی شکاند:
“کە خۆر هەڵهات، هەر خواردن و ئاوێک بتوانین بیدۆزینەوە کۆی دەکەینەوە و دەگەڕێینەوە خوارەوەی کێوەکە.”
گوماناوییەکە نیگایەکی یاخیبووانەی پێدا.
“بۆچی دەبێت بگەڕێینەوە؟ بۆ ئەوەی جارێکی تر بکرێینەوە زنجیر؟”
سەربازە گەنجەکە ئاهێکی هەڵکێشا.
“دەتوانین جیا ببینەوە کاتێک شاخەکان جێدەهێڵین. بەڵام تا ئەو کاتە، من هێشتا بەرپرسیارم لە ژیانی ئێوە. ناتوانین بە ڕێگاکەدا بچینە سەرەوە چونکە ڕێگەی تێپەڕین بە کێوەکەدا درێژ و سەختە. بەبێ ئەو پێداویستییانەی کە لەسەر عەرەبانەکە هەڵگیرابوون، هەلی گەیشتنتان زۆر بەرز نییە. هەر بۆیە گەڕانەوە باشترین هیوامانە.”
زاناکە دەمی کردەوە، پلانی هەبوو شتێک بڵێت، بەڵام دواتر ڕای گۆڕی و بێدەنگ مایەوە. گوماناوییەکە جنێوی دا، وا دیار بوو قەناعەتی کردبێت بە قسە ژیرانەکانی پاڵەوان.
“ناکرێت بچینە خوارەوە.”
هەر سێکیان ڕوویان کردە سەنی، سەرسام بوون بە بیستنی دەنگی.
گوماناوییەکە قاقایەکی لێدا و سەیری سەربازەکەی کرد.
“گوێی لێ مەگرە، گەورەم. ئەم کوڕە، ئم، دەستی فەرمانڕەواکانی بەرکەوتووە. ئەو شێتە، مەبەستم ئەوە بوو.”
پاڵەوان برۆی گرژ کرد، سەیری کۆیلەکانی دەکرد.
“ئەو دووەتان تەنها بەهۆی ئازایەتیی ئەم منداڵەوە زیندوون. ئایا شەرم ناکەن بەو شێوە خراپە باسی دەکەن؟”
گوماناوییەکە شانی هەڵتەکاند، نیشانی دا کە بە هیچ شێوەیەک شەرم ناکات. سەربازە گەنجەکە سەری ڕاوەشاند.
“من بە لای خۆمەوە دەمەوێت گوێم لە هۆکارەکەی بێت. پێم بڵێ، بۆچی ناتوانین بچینە خوارەوە؟”
س
ەنی جوڵاو و هەستی بە ناڕەحەتی دەکرد چونکە هەموان تەماشایان دەکرد.
“چونکە دڕندەکە نەمردووە.”
وەرگێڕان: هیستۆری
پێداچوونەوە:هیستۆری