چاپتەری 11

هەموو چاپتەرەکان لە Shadow Slave بەستەر
A+ A-

بەشی ١١: خاڵی یەکتربڕ

 

 

هەر سێکیان وەک پەیکەرێکی بێگیان ڕەق ببوون، بە ماتەمی و بێدەنگییەکی پڕ لە دڵەراوکێ، چاویان بڕیبووە قووڵایی خوارەوە. ئەوەی بەسەر “گوماناویەکە” هاتبوو شۆکێکی وای بۆ دروست نەکردن، بەڵام هێشتاش قووتدانی ئەو تاڵاوە کارێکی ئاسان نەبوو. ترسێکی شووم باڵی بەسەر دڵیاندا کێشا—بینینی جەستە تێکشکاوەکەی هاوڕێکەیان، وەک ئاوێنەیەک وابوو کە تێیدا چارەنووسی ڕەشی خۆیان دەبینی.

 

 

هیچ کەس ورەی قسەکردنی تێدا نەمابوو.

 

 

دوای خولەکێک، سەرەنجام زاناکە هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا و بێدەنگییەکەی شکاند.

 

“جێی دەستخۆشییە کە پێشوەختە زۆربەی ئەو کەلوپەلانەت لێ سەندەوە کە پێی بوو.”

 

سەنی لە ناخیدا وتی: “کەمێک دڵڕەقانەیە، بەڵام بێشک ڕاستییەکی تاڵە.” لەو کاتەدا بە وردی تێڕامانی لە کۆیلە بەتەمەنەکە دەکرد.

 

 

زاناکە نێوچەوانی گرژ کرد، وەک بڵێی هەستی کردبێت بۆ ساتێک دەمامکی پیاوچاکی لەسەر ڕوخساری خزا بێت، هەر بۆیە خێرا بە دەنگێکی کپ و پڕ لە خەمەوە وتی:

 

 

“هاوڕێکەم، هیوادارم مەنزڵت ئارام بێت.”

 

” واو…چ نواندنێکی لێهاتوانەیە!”

 

 

لە ڕاستیدا، سەنی تەنانەت بۆ چرکەیەکیش بڕوای بەو نواندنە میهرەبانانەیەی زاناکە نەکردبوو. هەموو منداڵێکی گەڕەکە هەژار نشینەکانی دەوروبەری شار دەیزانی ئەو کەسانەی بێ هۆکار خۆیان بە دڵنەرم نیشان دەدەن، دەبێت زیاتر لە هەموو کەسێکی تر لێیان بەگومان و وریا بیت. ئەوانە یان گەمژەن، یان دڕندە. زاناکەش وەک گەمژەیەک نەدەهاتە بەرچاو، هەر بۆیە سەنی لەو ساتەوەی چاوی پێیان کەوت، بە گومانەوە سەیری دەکرد.

 

 

ئەو بەهۆی گومانکردن و ڕەشبینییەکەیەوە توانیبووی تا ئێرە بە زیندویی بمێنێتەوە، هیچ هۆکارێکیش نەبوو بۆ ئەوەی ئێستا ئەو شێوازەی خۆی بگۆڕێت.

 

 

“دەبێت بڕۆین.” پاڵەوانەکە ئەمەی وت و بۆ دواجار سەیری خوارەوەی کرد.

 

 

دەنگی ئارام و لەسەرخۆ بوو، بەڵام سەنی دەیتوانی هەست بە لافاوێک لە سۆز و گریان لە پشتی ئەو دەنگەوە بکات. تەنها نەیدەزانی ئەو هەستە چییە.

 

 

زاناکە ئاخێکی هەڵکێشا و ئەویش ڕووی وەرگێڕا. سەنی بۆ چەند چرکەیەکی تر چاوی بڕیبووە بەردە خوێناوییەکان.

 

 

لە ناخی خۆیدا و بە سەرسوڕمانەوە لەو کاردانەوە چاوەڕواننەکراوەی خۆی، وتی: “بۆچی هەست بە تاوانبارێتی دەکەم؟ ئەو بەسزای خۆی گەیشت.”

 

 

سەنی کە کەمێک دڵەراوکێ دایگرتبوو، ڕووی وەرگێڕا و بە دوای دوو هاوەڵە ماوەکەیدا ڕۆیشت.

 

 

هەر بەو ئاسانییە، گوماناوییەکەیان لەوێ بەجێ هێشت و بەردەوام بوون لە سەرکەوتن بەسەر چیاکەدا.

 

 

لەم بەرزاییەدا، بڕینی چیاکە سات لە دوای سات سەختتر دەبوو. باوەشێنەی با بەو پەڕی هێزی خۆیەوە خۆی پێدادەکێشان، هێندە توند بوو کە ئەگەر وریا نەبووبایت، بە ئاسانی هاوسەنگیی تێک دەدایت، هەر هەنگاوێک وەک قومارێکی پڕ مەترسی وابوو. هەوا هێندە تەنک ببووەوە کە چیتر بۆ هەناسەدان شیاو نەبوو. بەهۆی کەمیی ئۆکسجینەوە، سەنی هەستی بە سەرگێژخواردن و دڵتێکهەڵاتن دەکرد.

 

 

وەک بڵێی هەموویان بەرەبەرە بەرەو خنکان دەچوون.

 

 

نەخۆشیی بەرزایی شتێک نەبوو مرۆڤ بتوانێت بە تێکۆشان بەسەریدا زاڵ بێت. نەخۆشییەکی ورد و لە هەمان کاتدا زاڵ بوو، بێ گوێدانە هێز و توانای بەرگەگرتن، دەستی لە بەهێز و بێهێز دەوەشاند. ئەگەر بەخت یاوەری نەبوایە، ڕەنگە وەرزشوانێکی لێهاتوو زۆر خێراتر لە ڕێبوارێکی ئاسایی لەپێ بکەوتایە.

 

 

ئەمە تەنها پەیوەست بوو بە لێهاتوویی سروشتی و توانای خۆگونجاندنی جەستە. بەختەوەرەکان ئەوانە بوون کە تەنها بە نیشانەیەکی سوکەوە لێی دەرباز دەبوون. ئەوانی تریش، هەندێک جار بۆ چەندین ڕۆژ یان هەفتە پەککەوتە دەبوون و بە دەست هەموو جۆرە ئازارێکی لاوەکییەوە دەیان ناڵاند. تەنانەت هەندێکیشیان گیانیان لەدەست دەدا.

 

 

وەک بڵێی ئەم هەموو نەهامەتییە بەس نەبێت، سەرماکەش توندتر دەبوو. جلی گەرم و پێست چیتر توانای ئەوەیان نەمابوو بەرپەرچی ئەو سەرمایە بدەنەوە. سەنی لە یەک کاتدا هەستی بە گەرمایەکی وەک تا و سەرمایەکی وەک سەهۆڵ دەکرد، نەفرەتی لە هەموو ئەو بڕیارانەی ژیانی دەکرد کە وایان لێ کرد لێرە، لەسەر ئەم لێژاییە بەستەڵەکە بێکۆتاییەدا، گیر بخوات.

 

ئەم چیایە شوێنی مرۆڤ نەبوو.

 

کەچی، دەبوو هەر بەردەوام بن.

 

چەند کاتژمێرێک تێپەڕ بوو. سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان، هەر سێ ڕزگاربووەکە بە کۆڵنەدانەوە بەرەو پێش دەچوون و هەنگاو بە هەنگاو خۆیان بەرزتر دەکردەوە. ئەو ڕێگە دێرینەی کە زاناکە باسی دەکرد، دەبوو ئێستا لەو نزیکانە بێت، لانی کەم ئەوە هەموو ئەو هیوایە بوو کە سەنی لە دڵیدا هەڵیگرتبوو.

 

 

بەڵام لە ساتێکی دیاریکراودا، گومان دایگرت کە ئایا بنچینەی ئەو ڕێگەیە بوونی هەیە؟ لەوانەیە کۆیلە بەتەمەنەکە درۆی کردبێت. لەوانەیە ڕێگەکە مێژوویەکی زۆر بێت لەژێر چەپۆکی زەمانەدا تیاچووبێت. یان لەوانەیە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، پێشتر تێپەڕیان کردبێت و لێیان تێک چووبێت.

 

 

ڕێک لەو کاتەی کە خەریک بوو بکەوێتە ناو تەڵەی نائومێدییەوە، سەرەنجام دۆزییانەوە.

 

 

ڕێگەیەکی داخوراو و تەسک بوو، بە زەحمەت دوو کەس دەیانتوانی شانبەشانی یەک پیاسەی تێدا بکەن. ڕێگەکە کۆنکرێت نەکرا بوو، بەڵکو بە ئامێرێکی نادیار یان بە جادوویەک لەناو جەرگەی بەردە ڕەشەکاندا هەڵکۆڵدرابوو، وەک کلکی ئەژدیهایەکی خەوتوو بە دەوری چیاکەدا دەئاڵا و بەرەو سەرەوە هەڵدەکشا. لێرەو لەوێ لەژێر پەردەی بەفردا ون دەبوو، بەڵام گرینگترین شت ئەوە بوو کە “تەخت” بوو. سەنی لە تەواوی ژیانیدا هێندەی بینینی ئەو ڕێگە تەختە دڵخۆش نەببوو.

 

 

بەبێ ئەوەی هیچ وشەیەک لە دەمی بێتە دەرێ، زاناکە کۆڵەپشتەکەی فڕێ دا و دانیشت. ڕەنگی وەک مردوو زەرد ببوو، وەک ماسییەکی دەرەوەی ئاو بە دوای هەناسەدا دەگەڕا و دەمی کردبووەوە. سەرەڕای ئەوەش، بزەیەکی کەم لەسەر لێوەکانی نیشتبوو.

 

 

“پێم وتن.”

 

 

پاڵەوانەکە سەری بۆ ڕاوەشاند و ئاوڕێکی لە دەوروبەری دایەوە. دوای چەند چرکەیەک، ڕووی کردەوە کۆیلە سەرکەوتووەکە:

 

“هەستە سەرپێ. ئێستا کاتی حەسانەوە نییە.”

 

زانا چەند جارێک چاوی تروکاند، پاشان بە چاوێکی پڕ لە پاڕانەوە سەیری کرد:

 

*تەنها…تەنها چەند خولەکێکم پێ بدە.”

 

سەربازە گەنجەکە خەریک بوو وەڵامێکی توند بداتەوە، بەڵام لەپڕ سەنی دەستی خستە سەر شانی. پاڵەوانەکە ئاوڕی لێ دایەوە و ڕووی تێکرد:

 

“چییە؟”

 

“نەماوە.”

 

“چی نەماوە؟”

 

سەنی بە دەست ئاماژەی بۆ خوارەوە کرد، بۆ ئەو ڕێگەیەی لێوەی هاتبوون:

 

” تەرمەکەی گوماناوی. چیتر لەوێ نییە.”

 

پاڵەوانەکە بۆ ماوەیەک سەیری کرد، دیار بوو بە باشی تێنەدەگەیشت سەنی دەیەوێت چی بڵێت.

 

“ئۆهـ، ڕاستە. ئەوان نازانن ناوی ئەو کۆیلەیە گوماناوییە. ئحم، ناخۆش بوو.”

 

ویستی ڕوونی بکاتەوە، بەڵام دیار بوو هەم زانا و هەم پاڵەوانەکە لە مەبەستەکەی گەیشتن. لە یەک کاتدا بەرەو لێواری ڕێگە بەردینەکە چوون و سەیری خوارەوەیان کرد، هەوڵیان دەدا ئەو شوێنە بدۆزنەوە کە گوماناوییەکەی تێدا تیاچوو.

 

لە ڕاستیدا، پەڵە خوێنەکان هێشتا لەسەر بەردە تیژەکان دەبینران، بەڵام تەرمەکە خۆی لە هیچ شوێنێک دیار نەبوو.

 

 

زاناکە ڕاچڵەکی و تا بۆی کرا خۆی لە لێوارەکە دوور خستەوە و کشایەوە. سەربازە گەنجەکەش گەڕایەوە دواوە و بەبێ بیرکردنەوە دەستی بۆ دەسکی شمشێرەکەی برد. هەر سێکیان بە نیگایەکی پڕ لە دڵەراوکێ سەیری یەکتریان کرد، بە ڕوونی لەوە گەیشتن کە ونبوونی تەرمەکەی گوماناوی چ مانایەکی ترسناکی هەیە.

 

 

“ئەوە دڕندەکەیە،” زانا ئەمەی وت و ڕەنگی لە جاران زەردتر هەڵگەڕا. “شوێنمان کەوتووە.”

 

پاڵەوانەکە ددانی بە یەکدا توند کرد.

 

“ڕاست دەکەیت. ئەگەر ئەوەندە لێمان نزیک بێت، بێگومان بەم زووانە ناچار دەبین ڕووبەڕووی ببینەوە.”

 

بیرۆکەی شەڕکردن لەگەڵ ئەو ستەمکارە دڕندەیە، هێندەی ترسناک بوو، هێندەش مەحاڵ و پێکەنیناوی بوو. وەک ئەوە وابوو بڵێت هەموومان بەم زووانە دەمرین. ڕاستی و تاڵی ئەم قسەیە بۆ سەنی و زاناکە وەک ڕۆژ ڕوون بوو.

 

بەڵام کۆیلە بەتەمەنەکە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، شڵەژاو دیار نەبوو. بە پێچەوانەوە، چاوەکانی نزم کردەوە و بە هێمنی وتی:

 

*مەرج نییە وا بێت.”

 

پاڵەوان و سەنی ڕوویان تێکرد و بە وردی گوێیان لێ گرت. سەربازە گەنجەکە برۆیەکی هەڵتەکاند.

 

*ڕوونی بکەوە؟”

 

سەنی لە ناخی خۆیدا وتی: “ئەوە هات.”

 

زانا ئاخێکی هەڵکێشا.

 

“ئەو دڕندەیە تەنها لە یەک ڕۆژدا، توانیویەتی شوێنمان بدۆزێتەوە و بگاتە ئەم شوێنەی ئێستا لێین. ئەمەش واتای دوو ئەگەری زۆر بەهێز دەدات، یان ئەوەندە ژیرە کە دەزانێت بەرەو کوێ دەڕۆین، یان شوێن بۆنی خوێن کەوتووە.”

 

 

دوای کەمێک بیرکردنەوە، پاڵەوانەکە بە نیشانەی ڕەزامەندی سەری لەقاند و لەگەڵ ئەم لۆژیکەدا هاوڕا بوو. کۆیلە بەتەمەنەکە بزەیەکی کەمی کرد و بەردەوام بوو.

 

” جا چ ئەگەری یەکەمیان بێت یان دووەم، دەتوانین ئەو لە خشتە بەرین و کات بۆ خۆمان بکڕین.”

 

” چۆن ئەوە بکەین؟”

 

سەرەڕای ئەو پەلەیەی لە دەنگی پاڵەوانەکەدا هەبوو، زاناکە دوودڵ بوو و بێدەنگ مایەوە.

 

“بۆچی وەڵام نادەیتەوە؟ قسە بکە!”

 

کۆیلە بەتەمەنەکە جارێکی تر ئاخێکی هەڵکێشا و زۆر بە ناچاری، وەک بڵێی پێچەوانەی ویستی خۆی بێت، وەڵامی دایەوە. سەنی ماوەیەک بوو چاوەڕێی ئەم ساتەی دەکرد.

 

 

“تەنها دەبێت… وا بکەین خوێن لە جەستەی کوڕەکە بڕژێت. بە درێژایی ڕێگەکە ڕایبکێشین و وەک نێچیرێک لەوێ بەجێی بهێڵین و خۆمان بەرەو سەرەوە بڕۆین. قوربانیکردنی ئەو، ژیانی ئێمە ڕزگار دەکات.”

 

 

سەنی لە ناخی خۆیدا وتی: “ڕێک لە کاتی خۆیدا.”

 

 

ئەگەر سەنی توڕە نەبوایە — و بێگومان ئەگەر لە ترساندا جەستەی هەڵنەلەرزیبا — بزەیەکی دەکرد. وا دیارە پێشبینییەکەی زۆر بە وردی لە جێی خۆیدا بووە. دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی هەستەکانت هەمیشە خۆشە… بەڵام نەک لە بارودۆخێکدا کە ڕاستبوونت بە مانای ئەوە بێت وەک نێچیری دڕندەیەک بەکاربهێنرێیت.

 

 

ئەو قسانەی زاناکەی بیرکەوتەوە کە کاتی خۆی کاتێک “گوماناوی” هەوڵی دەدا سەنی بدات بە کوشت، وتبووی: “هاوڕێ، هێندە پەلە مەکە. ڕەنگە ئەم کوڕە دواتر سوودێکی هەبێت.” ئەو قسانەی کە ئەو کات زۆر دڵنەرمانە دەهاتنە بەر گوێ، ئێستا دەرکەوت کە مانا و مەبەستێکی زۆر شوومتر و پڕ لە شەیتانی لەپشتەوە بووە.

 

 

“چەند بێنرخە!”

 

ئێستا هەموو شتێک بەند بوو بەوەی ئایا پاڵەوان بڕیار دەدات پلانەکەی زاناکە جێبەجێ بکات یان نا.

 

سەربازە گەنجەکە بە سەرسوڕمانەوە چاوی تروکاند:

 

“مەبەستت چییە لەوەی وا بکەین خوێنی لێ بڕژێت؟”

 

زانا سەری ڕاوەشاند:

 

“لە ڕاستیدا زۆر سادەیە. ئەگەر دڕندەکە بزانێت بەرەو کوێ دەڕۆین، هیچ چارەیەکی ترمان نییە جگە لەوەی دەست لە پلانەکەمان هەڵبگرین بۆ گەیشتن بە گەرووی چیاکە و لە جیاتی ئەوە بەسەر لووتکەکەدا سەربکەوین. ئەگەر دڕندەکەش شوێن بۆنی خوێن کەوتبێت، دەبێت یەکێکمان وەک نێچیر بەکاربهێنین بۆ ئەوەی چەواشەی بکەین.”

 

کەمێک وەستا و پاشان وتی:

 

” تەنها بە بەجێهێشتنی مرۆڤێکی بریندار کە خوێنی لێ بڕژێت لە خوارەوەی ڕێگەکە، دەتوانین بە دڵنیاییەوە لە چنگی دەرباز ببین، چۆن شوێنمان کەوتووە با بکەوێت.”

 

پاڵەوانەکە بە بێدەنگی و بێجووڵە وەستا بوو، چاوەکانی لە نێوان زانا و سەنی هاتوچۆیان دەکرد. دوای چەند چرکەیەک، پرسی:

 

” چۆن ویژدانت ڕێگەت پێ دەدات پێشنیارێکی ئاوا چەپەڵانە بکەیت؟”

 

کۆیلە بەتەمەنەکە بە شارەزاییەکی زۆرەوە وای پیشان دا کە گوایە زۆر خەمبار و دڵگرانە.

 

 

“بێگومان دڵم بۆی دەسوتێت! بەڵام ئەگەر هیچ نەکەین، هەر سێکمان پێکەوە دەمرین. بەم شێوەیە لانی کەم مردنی کوڕەکە دوو ژیان ڕزگار دەکات. خوداش پاداشتی ئەم قوربانییەی دەداتەوە!”

 

سەنی لە ناخی خۆیدا وتی: “ئای لەو زمانە لووسە! خەریک بوو خۆشم باوەڕ بە قسەکانی بکەم.”

 

سەربازە گەنجەکە دەمی کردەوە شتێک بڵێت، بەڵام دووبارە دایخستەوە و کەوتە دوودڵییەوە.

 

سەنی بە بێدەنگی چاودێریی دوو ڕزگاربووەکەی تری دەکرد، هەوڵی دەدا هەڵسەنگا

ندن بۆ دەرفەتەکانی خۆی بکات ئەگەر کارەکە بگاتە شەڕ و پێکدادان. زانا خۆی نیوەی جەستەی وەک تەرم وابوو، بۆیە زاڵبوون بەسەریدا کارێکی ئەستەم نەبوو. بەڵام پاڵەوانەکە… پاڵەوانەکە ڕێگرێکی گەورە بوو.

 

وەرگێڕان: ڕۆژین

پێداچوونەوە:ڕۆژین

تاگەکان: خوێندنەوەی ڕۆمان چاپتەری 11, ڕۆمان چاپتەری 11, خوێندنەوەی چاپتەری 11 ئۆنلاین, ,

چاپتەر 11
⚙ ڕێکخستنەکانی خوێندنەوە
ئۆتۆ-سکرۆڵ داخراوە
هێواشمامناوەندخێرا
پانی وێنە 100%
🚫

ڕێگری ڕێکلامەکان چالاکە (Ad blocker)!

وادیارە تۆ دژە ڕیکلام بەکاردەهێنیت. ڕیکلامەکان یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە بەردەوامی ماڵپەڕ مسۆگەر دەکات. تکایە ناچالاکی بکە بۆ ئەوەی بتوانیت بەردەوام بیت لە خوێندنەوە. 🙏