# دەسەڵاتی پادشا
## پازدەیەم بەش — لینا
ئاسمانی ئارسێڵیا پاک ببووەوە و تیشکی خۆر بە توندی دەدرا لە دیوارە سپییەکانی شارەکە.
ئەو باران و تەمەی شەو نەمابوو. شارەکە پڕ ببوو لە دەنگەدەنگی بازاڕ و هاتووچۆی خەڵک. ڕایتا بەو قژە سپییە درێژەیەوە کە لە ژێر تیشکی خۆردا دەدرەوشایەوە، بە بێدەنگی لە ناو کۆڵانەکاندا دەڕۆیشت. ئەو بەو قاتە دڕاو و حەبا کۆنەیەوە، وەک جەنگاوەرێکی ماندوو دەردەکەوت کە تازە لە شەڕێکی گەورە گەڕابێتەوە.
کاتێک ڕایتا ویستی لە کۆڵانێکی چۆڵەوە بپەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سەرەکی، گوێی لە دەنگی چەند پیاوێک بوو.
لەوێدا چوار دز گەمارۆی کچێکی ڕاوچییان دابوو. کچەکە قژێکی قاوەیی هەبوو، هەرچەندە شمشێرێکی پێ بوو، بەڵام دزەکان بەهێزتر دیار بوون و ڕێگەیان لێ گرتبوو.
*”دەی کچێ، ئەو جانتایەمان بدەرێ و کێشە بۆ خۆت دروست مەکە،”* یەکێک لە دزەکان بە گاڵتەجاڕییەوە وتی.
ڕایتا بە بێدەنگی و بەو چاوە سوورە ساردانەیەوە لێیان نزیک بووەوە.
یەکێک لە دزەکان ئاوڕی دایەوە و بە تووڕەییەوە وتی: *”ئەی گەواد قژ سپی! چاوت لە چییە؟ بڕۆ پێش ئەوەی پەل و پۆت بشکێنین!”*
ڕایتا هیچ قسەیەکی نەکرد. تەنها هەنگاوێکی تری نا.
دزەکە بە خەنجەرەکەیەوە هێرشی برد، بەڵام ڕایتا وەک بروسکە جوڵا. بە کارامەیی چنگی سێبەر، دەستی دزەکەی گرت و بە یەک جوڵەی خێرا مەچەکی سوڕاند. دەنگی تێکشکانێکی کەم هات و دزەکە لە ئازاردا هاواری کرد.
سێ دزەکەی تر کاتێک هێزی ڕایتایان بینی، شۆک بوون. ڕایتا بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت، بە چەند لێدانێکی خێرا و بێبەزەییانە هەموویانی لە ناو تۆز و خۆڵەکەدا فڕێ دا.
کچەکە کە ناوی **لینا** بوو، بە سەرسوڕمانەوە سەیری ڕایتای دەکرد. شێوەی ڕایتا، قژە سپییەکەی و ئەو هێزە بڕوانەکراوەی، وای کرد بۆ چرکەیەک زمانەقوتێ بێت.
ڕایتا بێ ئەوەی سەیری بکات، ویستی بڕوات، بەڵام لینا بە خێرایی ڕایکردە بەردەمی.
*”بوەستە! زۆر سوپاست دەکەم!”* لینا بە جۆش و خرۆشەوە وتی. *”من ناوم لینایە، ڕاوچییەکی ئاست نزمم. ئەگەر تۆ نەبوویتایە هەموو دەستکەوتەکانمیان دەبرد.”*
ڕایتا بە ساردی سەیری کرد و وتی: *”پێویست بە سوپاس ناکات. تەنها لە ڕێگەمدا بوون.”*
ڕایتا ویستی دوور بکەوێتەوە، بەڵام لینا وازی نەهێنا و دەستی کرد بە شوێنکەوتنی.
*”تۆ زۆر بەهێزیت! پێشتر کەسم وا قۆز و بەهێزم لێرە نەبینیوە. ئەگەر ڕێگە بدەیت، دەتوانم شارەکەت نیشان بدەم. من هەموو شوێنێک دەناسم، تەنانەت دەتوانم باسی ئەو داستانە کۆنانەت بۆ بکەم کە لێرە هەن… باسی ئەو پاڵەوانانەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا پاشای ئەهریمەنیان کوشت.”*
ڕایتا کاتێک باسی مێژووەکەی بیست، کەمێک خاو بووەوە.
ئەو پێویستی بەو زانیارییانە بوو.
لینا زەردەخەنەیەکی کرد و وتی: *”کەواتە ڕازیت؟ دەتوانم هاوڕێیەتیت بکەم؟”*
ڕایتا بە بێ هەستییەوە وتی: *”چیت دەوێت بیکە، تەنها بێزارم مەکە.”*
لینا بە دڵخۆشییەوە لە تەنیشتیەوە دەڕۆیشت و دەستی کرد بە قسەکردن، هەرچەندە ڕایتا وەڵامی نەدەدایەوە.
ڕایتا لە دڵی خۆیدا سەیری بارودۆخەکەی دەکرد.
> **[ کات: ١٩ کاتژمێر ماوە بۆ گۆڕانەوە بۆ فۆرمی گورگ ]**
تەنها چەند کاتژمێرێکی مابوو پێش ئەوەی ئەم فۆرمە مرۆییە تەواو بێت. بیری لەوە دەکردەوە چۆن دەبێت پێش ئەوەی کاتەکەی تەواو بێت، ئەم کچە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.
چونکە کاتێک گۆڕانەکە دێت، ئارسێڵیا دەبینێت کە **ئەو گورگی کە هەموو دارستان و شەوی دەناسن،** هیچ ناوێکی مرۆیی نەبوو.